شارپرێس:
ئەمڕۆ شەممە عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، كۆمپانیاكانی عێراق و توركیا دەست دەكەن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەیەك بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆریی عێراق و توركیاوە بۆ بەندەری جەیهان. دووپاتی كردەوە كە بەغدا و ئەنكەرە كاردەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە ڕێككەوتنێك كە كەرتی نەوت و كارەبا و سەرچاوەكانی ئاو لەخۆبگرێت.
زەیدی لە پۆستێكدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، ئەو ڕێككەوتنەی هەردوولا واژۆیان كردووە، نوێنەرایەتی دەستكەوتێكی ستراتیژی دەكات بۆ دەستەبەركردنی ڕێڕەوی ڕێكوپێكی هەناردەكردنی نەوتی عێراق و بەهێزكردنی هاوكارییە ئابورییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیا عێراقی و توركییەكان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكەدا دەست بە كارەكانیان دەكەن.
دەشڵێت، حكومەتی عێراق و توركیا كاردەكەن، بەشێوەیەكی باش، بۆ كۆتاییهێنان بە ڕێككەوتنێك كە كەرتی نەوت، كارەبا، و سەرچاوەكانی ئاو دەگرێتەوە، ئەمە جگە لە بوارەكانی تری هاوكاری كە پاڵپشتی بەرژەوەندی هاوبەش و گەشەپێدان و سەقامگیری دەكەن.
ئەمڕۆ باسم محەمەد ، وەزیری نەوتی عێراق ڕێككەوتنێكی لەگەڵ توركیا واژۆكرد بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بۆریی عێراق-توركیاوە بۆ بەندەری جەیهان بەبڕی ڕۆژانەی 750 هەزار بەرمیل. ئەم ڕێككەوتنە بڕیارە بۆ ماوەی ساڵێك كارا بمێنێتەوە.
