شارپرێس:
تۆوی كولەكە زۆر دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراكییەكان و ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی تەندروستیی پرۆستاتدا، بەتایبەتی بۆ پیاوانی سەروو تەمەنی 50 ساڵ.
ئەم تۆوە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی زینكە، كە توێژینەوەكان دەریانخستووە پرۆستاتی تەندروست بەرزترین ئاستی ئەم ماددەیەی تێدایە، لە كاتێكدا ئەو كەسانەی توشی ئەستوربوونی پرۆستات یان وەرەمی ڕەق دەبن، ئاستی زینك لە شانەكانی پرۆستاتیاندا بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە.
توێژینەوە زانستییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ڕۆنی تۆوی كولەكە، چ بە تەنیا یان بە تێكەڵاوی لەگەڵ ڕۆنی (Saw Palmetto)، چارەسەرێكی بەدیلی سەلامەت و كاریگەرە بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی ئەستوربوونی پرۆستاتی بێزیان و دەتوانێت ڕێگری لە گەشەی نا ئاسایی ئەم ڕژێنە بگرێت.
بۆ سودوەرگرتن لێی، پزیشكان پێشنیاری ڕۆژانە خوردنی مشتێك تۆوی كولەكە دەكەن كە زۆربەی فرۆشگاكان تۆوی خاو یان برژاوی تێدا دەستدەكەوێت.
بەڵام پێویستە ڕەچاوی هەندێك خاڵ بكرێت: یەكێك لەوانە ڕێژەی بەرزی ڕیشاڵە، كە پەرداخێك لەم تۆوە نزیكەی 12 گرام ڕیشاڵی تێدایە؛ خواردنی بڕێكی زۆر لە یەك كاتدا دەبێتە هۆی دروستبوونی گازی گەدە، باكردن و تەنانەت قەبزبوون.
هەروەها پەرداخێك تۆوی كولەكە نزیكەی 285 كالۆری و 12 گرام چەوری تێدایە، بۆیە زۆرخواردنی بە شێوەیەكی بەردەوام دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش.
ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
