​ ئەمریکا هەوڵی هەڵوه‌شاندنەوەی باڵاترین دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەدات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 264 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کارگێڕیی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەدامەزراوەیەکی نایاسایی دەزانێت، ده‌شڵێتـ "واشنتۆن لەئێستاوە دەستی بەگرتنەبەری هەنگاوەکان کردوە بۆ ملکەچکردنی دادگاکە بۆ یاساو ڕێساکان".

ڕۆبیۆ لەکۆبونەوەی کابینەی حکومەتدا لەهاوینەهەواری کامپ دەیڤد وتی، "دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی نایاساییە، ئەمریکاش بەکردەوە دەستی بەهەنگاوەکان کردوە بۆ ناچارکردنی دادگاکە بەپابەندبون بەسیستمەوە".

ئەم لێدوانانەی ڕۆبیۆ لەچوارچێوەی کەمپینێکی بەرفراواندا دێت کە واشنتۆن لە 13ی تەمموزی 2026دا دەستیپێکردوە، بەئامانجی "هەڵوەشاندنەوەی" دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە کۆشکی سپی پێشتر وەک "هەڕەشەیەکی بەرگەنەگیراو بۆ سەر سەروەریی ئەمریکا" وەسفیکردبوو.

ئەو ڕێکارانەی کە کارگێڕیی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیان لەسەردەکات، سەپاندنی سزای دارایی، قەدەغەکردنی گەشتکردن، هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای کارمەندانی دادگاکەو فشارکردنی دیپلۆماسی لەسەر وڵاتانی هاوپەیمان لەخۆدەگرێت بۆ هاندانیان تا لەدادگاکە بکشێنەوە یان ڕەتبکەنەوەو دان بەدەسەڵاتی دادوەریی ئەودابنێن بەسەر هاوڵاتیانی ئەمریکیدا.

ڕەگی ئەم گرژییە قورسەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەرمانی دەستگیرکردنانەی کە دادگاکە لەتشرینی دوەمی 2024دا دژی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل‌و یوئاڤ گالانت وەزیری پێشوی بەرگریی دەریکرد، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەغەززە، ئەمە جگە لەو فەرمانەی کە لەئاداری 2023دا دژی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا دەرچوو بوو.

واشنتۆن بەتوندی دژی ئەو ڕێکارانە دەوەستێتەوە، بەتایبەت کە ئیسرائیل‌و ئەمریکا لەو وڵاتانە نین کە پەیماننامەی ڕۆمایان بۆ دامەزراندنی دادگاکە واژۆکردبێت.

چاودێران ئاماژە بەدژایەتییەک لەهەڵوێستی ئەمریکادا ده‌كه‌ن، چونکە خودی ڕۆبیۆ پێش چوار ساڵ وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی پیران (سێنات)، بەشداربوو لەپشتگیریکردنی بڕیارێک کە پێشوازیی لەلێکۆڵینەوەکانی دادگاکە دەکرد لەسەر دەنگۆکانی "تاوانی جەنگ لەئۆکرانیا"و لەوکاتەدا دادگاکەی وەک "دادگایەکی نێودەوڵەتی کە هەوڵ بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا دەدات" وەسفکردبوو، هەروەها ئەمریکا پێشتریش پشتگیریی لەدەسەڵاتی دادگاکە کردوە لەدۆسیەکانی سودان‌و لیبیادا لەڕێگەی ڕەوانەکردنی دۆسیەکان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە.

سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، ئەمریکا بەتەنها خاوەنی دەسەڵاتی یاسایی نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگاکە، چونکە دادگاکە به‌گوێره‌ی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی (پەیماننامەی ڕۆما) دامەزراوەو واشنتۆن تەنها دەتوانێت فشاربکات بۆ گۆشەگیرکردنی دادگاکە یان لاوازکردنی توانای کارکردنی لەسەر زەوی.

دوایین قسە ئەوەیە کە ئەمجۆرە فشارە ڕەنگە ببێتە هۆی "کارتێکەری ساردکەرەوە" کە دادگاکە ناچاربکات پاشەکشە بکات لەو ڕێکارانەی کە دەست بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل دەبەن، لەبەرامبەردا، وڵاتانی ئەوروپی کە ئەڵمانیشیان لەناودایە، بەرگرییان لەدادگاکە کردوەو هێرشەکانی واشنتۆنیان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیستمی یاسایی نێودەوڵەتی وەسفکردوە.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی باڵاترین دادگای تاوانی نێودەوڵەتیه‌، لەڕۆژی یه‌كی تەمموزی 2002دا به‌گوێره‌ی پەیماننامەی ڕۆما دامەزراوەو بارەگاکەی لەشاری لاهای هۆڵەندایە، ئەم دادگایە لە 18 دادوەری نێودەوڵەتی‌و نوسینگەی داواکاری گشتیی پێکدێت کە لەلایەن 124 وڵاتی ئەندامەوە هەڵدەبژێردرێن بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانەکانی جەنگ‌و کۆمەڵکوژیی.