ئاسمانی هەرێم لەنێوان چەکوشی درۆنەکان‌و کشانەوەی نهێنیی پاتریۆتی ئەمریکیدا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ڕێکارە فەرمییەکانی کشانەوەی قۆناغ بەقۆناغی هێزەکانی ئەمریکاو كشانه‌وه‌ى سیستمی بەرگریی ئاسمانی (پاتریۆت) لەهەولێر، هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە کەوتوەتەوە ژێر ڕەحمەتی ئاگری درۆنە نەناسراوەکان، ئەمەش ترسی دروستبونی بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە لەئاسمانی ناوچەکەدا زیاتر دەکات.


لەنوێترین پێشهاتی ئەمنیدا، دەوروبەری گوندی گێچینە لەنزیک ئەشکەوتی جاسه‌نە لەقەزای دوکان به‌دوو درۆن هێرشیكرایه‌سه‌رو بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لەناوچەکە کەوته‌وه‌، ئەو هێرشە نوێیە له‌کاتێکدا بوو کە ئامارە ناوخۆییەکان بەرزبونەوەیەکی به‌رچاوو مەترسیداری ئاستی هێرشەکان لەماوەی مانگی ڕابردودا نیشاندەدەن؛ بەجۆرێک تەنها لەو مانگەدا، 66 هێرشی درۆنی‌و دوو موشەک لەهەولێر، 10 هێرشی موشەکی‌و نۆ هێرشی درۆنی لەسلێمانی تۆمارکراون، ئەم زیادبونه‌ بەبەراورد بەمانگی حوزەیران (کە تەنها 13 هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر هه‌رێم) سەلمێنەری دروستبونی هاوکێشەیەکی نوێی سەربازییە لەناوچەکەدا.

ئەم پەرەسەندنە کتوپڕانە هاوکاتن لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕگە بێدەنگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا‌و واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هاوپەیمانان تا کۆتایی مانگی ئەیلول، گواستنەوەو کێشانەوەی بەشێک لەسەکۆکانی بەرگریی ئاسمانی (پاتریۆت)ی ئەمریکی لەدەوروبەری هەولێر، پرسیارگەلێکی جدی لەسەر چارەنوسی پاراستنی ئاسمانی هەرێم دروستکردوە.

هەرچەندە کیفاح مەحمود ڕاوێژکاری مه‌سعود بارزانى سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدات دۆخەکە هێوربکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا سەرجەم سیستمەکانی پاتریۆتی نەکشاندوەتەوەو هێشتا پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات، بەڵام چاودێرانی سەربازیی پێیانوایە، کەمکردنەوەی ئەم توانا بەرگرییە لەکاتێکدا کە هەرێم لەسەرەتای ئەمساڵەوە ڕوبەڕوی زیاتر لە950 هێرشی درۆنی‌و موشەکیی بوەتەوە، هەرێمی کوردستان دەخاتە ناو قۆناغێکی تەمومژاویی‌و بێبەرگرییەوە لەبەرامبەر هێرشە ناوچەیییەکاندا.

ئەم دۆخە نوێیە دەیسەلمێنێت کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی مێژوییدا وەستاوە؛ کەمبونەوەی چەترە ئەمنییەکەی ئەمریکا لەلایەک‌و چڕبونەوەی هێرشە درۆنییەکانی هێزە ناوچەیییەکان لەلایەکی دیکەوە، وا دەخوازێت کە لایەنە کوردییەکان‌و حکومەتی فیدراڵی لەبەغدا پێداچونەوەیەکی خێرا بەسیستمی بەرگریی ئاسمانی‌و ڕێککەوتنە ئەمنییەکاندا بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لەهەر داڕمانێکی ئەمنیی ئەگەریی دوای چونە دەرەوەی تەواوەتی هێزە نێودەوڵەتییەکان.

پێشتریش ئەمبەرین زەمان ڕۆژنامەنوس‌و گەورە پەیامنێری ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر) لەپەیامێکی توندو ڕاشکاودا بۆ دۆستە کوردەکانی، جەختى لەڕاستییه‌ك كردبوه‌وه‌ سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەهەولێرو هه‌رێمى كوردستان‌و وتبوى، "واشنتۆن هاوشێوەی ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان، لەباشوریش تەنها لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بوەو ئێستاش بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، خشتەی کشانەوەی هێزەکانی‌و سیستمی بەرگریی پاتریۆتی خێراترکردوەو له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كشێته‌وه‌".