شارپرێس:
ئارەزووکردنی خواردنی سەهۆڵ، نیشانەیەکی شاراوەی کەمیی ئاسنە لە جەستەدا، کە لە زانستی پزیشکییدا بە دیاردەی "پیکا" ناسراوە.
ئاسن توخمێکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی پڕۆتینی هیمۆگلۆبین لە ناو خڕۆکە سوورەکانی خوێندا، کە ئەرکی گواستنەوەی ئۆکسجینە بۆ هەموو بەشەکانی جەستە، کاتێک کۆگای ئاسن لە جەستەدا کەم دەکات، نیشانەکانی وەک ماندوێتیی بەردەوام، بێهێزیی، تەنگەنەفەسیی، سەرگێژخواردن، ڕەنگپەڕیوی و ساردیی دەست و قاچ دەردەکەون.
زۆرجار کێشەی سەرەکیی تەنها لە کەمیی خواردنی ئاسن نییە، بەڵکو لە توانای جەستەدایە بۆ هەڵمژینی. بۆ نموونە، ئاسنی ناو سەرچاوە ئاژەڵییەکان وەک گۆشت و ماسی زۆر ئاسانتر لەلایەن جەستەوە وەردەگیرێت بەراورد بە سەرچاوە ڕووەکییەکان.
هەندێک خووی باو وەک خواردنەوەی چا و قاوە ڕاستەوخۆ دوای ژەمەکان، یان خواردنی بڕێکی زۆر لە کالسیۆم و دانەوێڵە، دەبنە ڕێگرێکی گەورە لەبەردەم هەڵمژینی ئاسن. بۆیە باشترە لانی کەم 1 بۆ 2 کاتژمێر چاوەڕێ بکرێت پێش خواردنەوەی چا. لە بەرامبەردا، ڤیتامین C کە لە میوە ترشەکان و تەماتە و بیبەردا هەیە، یارمەتیدەرێکی کارایە بۆ باشترکردنی هەڵمژینی ئاسن.
جگە لەمانە، هەندێک دۆخی تەندروستی وەک نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس، بۆ نموونە هەستیاری بە گەنم (سیلیاک) و نەخۆشی کرۆن، یان ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گەدە، دەبنە هۆی ئەوەی جەستە نەتوانێت سوود لەو ئاسنە وەربگرێت کە لە خۆراکەوە دەستی دەکەوێت.
پزیشکان هۆشداری دەدەن کە نابێت بەبێ ڕاوێژی پسپۆڕ و ئەنجامدانی پشکنینی خوێن دەرمانی تەواوکەری ئاسن بەکاربهێنرێت، چونکە زیادبوونی ئاسن لە جەستەدا مەترسیی تەندروستیی دروست دەکات.
بۆیە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەر بریتییە لە دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی و پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگ کە تێیدا سەرچاوە جیاوازەکانی ئاسن و ڤیتامین C تێکەڵ کرابن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
