شارپرێس:
هۆشدارییەكان لە عێراق چڕتر بوونەتەوە سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلێكی بەرفراوانی خۆپیشاندان و توڕەیی جەماوەری هاوكات لەگەڵ تەنگەژەی دارایی و پەرەسەندنە سیاسییەكان. ئەمەش وایكردووە چاودێران هەندێك لێكنزیكی لەگەڵ پێش خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩دا بەدی بكەن.
ئەم هۆشدارییانە لە كاتێكدایە كە حكومەتی عێراق ڕوبەڕوی كێشەی دارایی بووەتەوە كە كاریگەری لەسەر نەختینە و پێدانی موچەی فەرمانبەران هەبووە. ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی ناكۆكی سیاسی لەسەر چەند پرسێكی ناوخۆیی، هەروەها كاردانەوەی ئەمنی بەردەوامی پەیوەست بە گروپە چەكدارەكان و بۆردومانەكانكردنی پێگەكانیان. ئەم لێدانانە گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دەزگای ئەمنی و كۆكردنەوەی چەك لە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا چڕتر كردووەتەوە.
تا ئێستا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران بەتەواوی خەرج بكات، لەكاتێكدا دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران لە 20ی هەموو مانگێكەوە دەست پێدەكات. ئەمەش حاڵەتێكی دڵەڕاوكێی لەنێو فەرمانبەر و خانەنشیناندا دروستكردووە، هەروەها ترسی خراپتربوونی قەیرانی دارایی.
هاوشانی گوشارە ناوخۆییەكان، گوشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر عێراق زیادی كردووە، ئەوەش دوای پەرەسەندنی هۆشدارییەكان سەبارەت بە بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ دەستپێكردنی هێرشەكان بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ. ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هەردوو وڵاتی ئوردن و سوریا ئامادەن وەڵامی هەر هێرشێك بدەنەوە كە ڕەنگە لە خاكی عێراقەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەمەش دوای هێرشەكانی سعودیە بۆ سەر بارەگاكانی میلیشیاكان لە چەند پارێزگایەكی عێراق.
ئەم پێشهاتانە تەحەدایەكی نوێی خستۆتە بەردەم هێزە سیاسییەكان، هاوكاتی هەڵكشانی ناڕەزایی گشتی و داواكارییەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی چەكی كۆنتڕۆڵنەكراو و ڕێگریكردن لە ڕاكێشانی وڵات بۆ ناو ململانێی نوێی ناوچەیی.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا شاهیدی هەڵكشانی بانگەوازەكان بوون بۆ چارەسەری بەپەلە بۆ قەیرانە ئابورییەكان، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی هاشتاگ و پۆستەكان كە ناڕەزایەتییەكانی مانگی ئۆكتۆبەر بیردەخاتەوە. ئەم پۆستانە هۆشداری دەدەن لە دووبارەبوونەوەی ڕاپەڕینی جەماوەری ئەگەر قەیرانە دارایی و سیاسییەكان بەبێ چارەسەر بەردەوام بن.
