شارپرێس:
ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە فەرمیی بەڵگەنامەی
ڕاسپاردەکانی سێیەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی بڵاوکردەوە کە نەخشەڕێگەیەکی
ستراتیژیی 10 ساڵەیە (2026–2036)، ڕێکخەری
گشتیی کۆڕبەندەکەش دەڵێت، ئامانج لێی دەستنیشانکردنی کۆسپەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەگەریی
و دانانی چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ حوکمڕانیی دیموکراتی، سەروەریی کولتوریی و چاکسازیی
پێکهاتەیی لە ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستانی عێراق-دا.
پ.ی.د. شوان ئادەم
ئەیڤەس، ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک و سەرۆکی ڕێکخراوەکە، ئاماژەی بەوەکرد،"
کە ئەم نەخشەڕێگەیە نەخشەی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە لەرێگەی زانیاریی و داتای
زانستییەوە کە تێیدا پێشنیازی دەرکردنی (یاسای گشتگیری ڕاگەیاندن) لەرێگەی
پەرلەمانەوە کراوە بۆ ئەوەی بە یەکجاریی کۆتایی بە پەرتەوازەیی یاسایی و بڕیارە
ئیدارییە دژبەیەکەکان بهێنرێت.
ئەو بەڵگەنامە ستراتیژییە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ و بەرئەنجامی
توێژینەوە مەیدانیی و کۆنفرانسە زانستییە نێودەوڵەتییەکەی لەندەن-ە کە لە رۆژانی (8 و 9ی تەمموزی 2026) لە زانکۆی سۆواس بە ئامادەبونی شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی،
ئەکادیمیای بەریتانیی و نوێنەرانی دیپلۆماسیی و حکومیی بەڕێوەچوو. نەخشەڕێگەکە بە وردیی
تیشک دەخاتە سەر شەش کۆڵەکەی سەرەکی بۆ چاکسازیی، لەوانە:
١. دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی
یاسایی و دروستکردنی تۆماری ناوەندیی خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی میدیاکان (UBO).
٢. بەدەستهێنانی مافە
بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەوانان بەبێ مۆڵەتی حکومیی و پۆلێنکردنی بڕوانامەبەندیی ئارەزومەندانە.
٣. پاراستنی ئازادیی
ڕۆژنامەوانان، قەدەغەکردنی سیخوڕی دیجیتاڵیی و سەپاندنی ڕێکارەکانی Anti-SLAPP.
٤. ڕوبەڕوبونەوەی چەواشەکاری
دیجیتاڵیی و خستنەئەستۆی بەرپرسیارییەتی یاسایی بۆ تۆڕە بازرگانیی و حزبییەکان.
٥. داڕشتنی ڕێنمایی
تەکنیکی ژیریی دەستکرد (AI) بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی
ڕەسەنایەتیی ناوەڕۆک (C2PA).
٦. داڕشتنی ژێرخانی
تەکنەلۆژیای گشتی، پاراستنی ئاسایشی سیبەری میدیا سەربەخۆکان و جێگیرکردنی پەروەردەی
میدیایی بەردەوام لە قوتابخانەکاندا (K-12).
