سەرکردەیەکی پێشوی هەواڵگریی ئیسرائیل: لەڕوی سەربازییەوە سەرکەوتوین، بەڵام توشی شکستێکی ستراتیژی گەورە بوین

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

"ئێمە خەریکە وزەی سەرکەوتنەکانمان لەدەستدەدەین"؛ عەقید درۆر شالۆم بەرپرسی باڵای پێشوی هەواڵگریی ئیسرائیل، پەردەی لەسەر ڕاستییەکی مەترسیدار لاداو دانی بەوەدانا کە وڵاتەکەی سەرەڕای بەکارهێنانی هێزێکی گەورەی سەربازیی، نەیتوانیوە هیچکام لەبەرەکانی شەڕ بەقازانجی خۆی یەکلابکاتەوە.


لەلێدوانێکى تونددا، عەقید درۆر شالۆم جێگری پێشوی سەرۆکی بەشی توێژینەوە لەهەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل (ئامان)، ڕەخنەی توندی ئاراستەی شێوازی بەڕێوەبردنی شەڕەکە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسیی‌و سەربازیی وڵاتەکەیەوە کردو ڕایگەیاند، "ئیسرائیل لەبەردەم شکستێکی ستراتیژیی گەورەو سەخت‌و کوشندەدایه‌".

شالۆم لەدیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد، "لەڕوی مەیدانی‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌، سوپا، هێزی ئاسمانی، دەزگا هەواڵگرییەکان‌و پیشەسازیی سەربازی ئیسرائیل دەسکەوتی ناوازەیان تۆمارکردوەو هاوڵاتیانیش خۆڕاگربون، بەڵام ئەم باڵادەستییە سەربازییە نەبوەتە هۆی بەدیهێنانی هیچ یەکلاکەرەوەیەکی ستراتیژیی لەچوارچێوەی بەرەکاندا".

ئه‌وه‌شى وت، "حەماس هێشتا ماوە، حزبوڵڵا لەداماڵینی چەکەکەی دورەو بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیش هەرچەندە کەمێک دواخراوە بەڵام بەردەوامە، تاران لەبری پرسی ئەتۆمیی، خەریکی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەر گەروی هورمز، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێگەی نێودەوڵەتی ئیسرائیل گەیشتوەتە نزمترین ئاستی مێژویی خۆیی‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن لەدۆخێکی باشدا نین".

لەکۆتایی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشوی هەواڵگریی ئیسرائیل، بەکارهێنانی هێزی بەیاساکانی فیزیا شوبهاندو وتی، "ئێمە بڕێکی زۆر وزەی جوڵاومان وەبەرهێنا بۆ ئەوەی وزەیەکی شاراوە بەدەستبهێنین، بەڵام بەپێچەوانەی یاساکانی سروشتەوە، ئێمە خەریکە ئەو وزە شاراوەیەش لەدەستدەدەین، ئەمەش جێگەی داخێكى زۆره‌ بۆ ئێمه‌".