شێخ جەعفەر مستەفا: سەرۆكایەتی هەرێم هێرشەكەی عەربەت بە كردەوەیەكی تەواو تیرۆرستی هەژمار دەكات

کوردستان

19/09/2023‌ 856 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت رایگەیاند، بۆردومانەكە كردەوەیەكی تەواو تیرۆرستی بووە و دەشڵێت: مەبەست لە بۆردومانەكە تێكدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستانە.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم لە چوارچێوەی پرۆسەی بەشداریكردن لە پرسەی شەهیدەكانی هێرشەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت لە كۆنگرەیەكێ ڕۆژنامەنووسیدا وتی: مەبەست لە بۆردومانی دوێنێی فڕۆكەخانەی عەربەت، تێكدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەوەیە خەڵكی هەرێم بەردەوام لە دڵەڕاوكێدا بژین و ئەمە یەكەم بۆردومان نییە و كۆتاش نابێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسیاری یەكەمی پاراستنی سنورەكانی هەرێم و تەواوی عێراق لە ئەستۆی حكومەتی ناوەندیدایە، پاشان سەرۆكایەتی و حكومەتی هەرێمیش دەبێت هەوڵبدەن بۆ رێگریكردن لە روداوێكی لەوجۆرە، و سەرۆكایەتی هەرێمیش ئەو روداوە بە كردەوەیەكی تەواو تیرۆرستانە هەژمار دەكات.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، فڕۆكەخانەی عەربەت لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە بۆردومان كرا، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستدا و سیانیش برینداربوون.