شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ھەفتەی ڕابردوودا ١٢ حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەرابوون تۆماركراون و داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەكات، ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەری بگرێتە بەر.
ریازعەبدول ئەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاندووە، توشبوون بە تای خوێنبەربوون تا ئێستا بەردەوامە و ھۆكارەكەشی جۆرە مێرووێكە كە بە گیانی ئاژەڵانەوەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ئاماژەی بەوە كردوە، پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ كێشەی ئەم مێرووانە چارەسەر بكات و ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەری بگرێتە بەر، چونكە بەشێك لە چارەسەرەكان لەلای ئەو وەزارەتەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەھۆی زۆری حاڵەتەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكە لیژنەیەكی ھاوبەشیان پێكھێناوە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ چارەسەر كردنی كێشەكە.