پلانی نهێنی ئیسرائیل لە جەنگی غەزە ئاشكراكرا

ڕاپۆرت

09/10/2023‌ 5311 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئیسرائیل بەئامانجی گۆڕانكارییەكی گەورە خۆی وەك قوربانی نیشان دەدات
شارپرێس:

پلانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەو جەنگەی لەگەڵ گرووپەچەكدارەكانی غەزە دەستیپێكردووە، ئاشكرادەكرێت، ئەوەش هاوكاتی لێدوانەكانی ئەمڕۆى سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كاتێك دەڵێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن.
    
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، لەم جەنگەدا ئیسرائیل لای وایە توركیاو ئێران، كۆریای باكوور و رووسیا و چین و لایەنە نزیكەكانی ئێران بەشدارییان هەیە، بۆیە ئێستا ئیش لەسەر گۆڕینی رایگشتی دەكات لەسەر كێشەی فەلەستین و پرۆژە ستراتیژییەكەی خۆیان  بۆ فراوانبوونی خاكی ئیسرائیل وەك ئەوەی لە 1967 كردیان، جۆلان و شوێنی تریان گرت.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئیسرائیل دەیەوێت گۆڕانكاری جوگرافی و سنوورەكان دروست بكاتەوە، بۆیە ئەم شەڕە درێژەدەكێشێت.

بەگوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ئیسرائیل بۆ ئەم پرۆژەیەی پێویستی بەوەیە خۆی وەك قوربانی لای رایگشتی نێودەوڵەتی نیشان بدات و پشتیوانی رۆژئاوا بەدەستبیهێنێت، لایەنی بەرامبەریش بەپێچەوانەوە دەیەوێت لەرێگەی ئەم جەنگەوە گوشار لەسەر ئەمریكا دروست بكات و دەستبەرداری ئۆكرانیا ببێت لەبەرامبەر ئیسرائیلدا.

ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بووە جێی پەرەسەندنی ململانێی زلهێزەكان، بەرەی رووسیا و چین دوای شكستی داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن رووسیاوە ئەسپی خۆیان لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدژی ئەمریكا و ئەوروپا تاوداوە لەرێگای بریكارە ناوچەییەكانیانەوە.

بۆیە چاوەڕێدەكرێت ئەم جەنگەی ئێستا هەڵگیرساوە وەك  شرۆڤەكاران دەڵێن دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ بێت و گۆڕانكاری گەورە لەناوچەكەدا دروست بكات.

ئەمڕۆ دووشەممە بنیامین ناتانیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامی ئێمە بۆ هێرشی گرووپەچەكدارەكانی فەلەستین بەجۆرێك دەبێت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.