شارپرێس
کۆمپانیای چینی چانگان ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی ئاشکرا کرد کە پەرەی پێداوە بۆئەوەی تەحەدای بارهەڵگرەکانیCybertruck ی پێبکات کە پێشتر لەلایەن تێسلاوە ڕاگەیەندرابوو.
ئەوەی لەئۆتۆمبێلە نوێیەک زۆر سەرنجراکێشە دیزاینەکەیەتی، ئەمەش وایکردووە وەک کرۆس ئۆڤەرێکی ڕێک و پێک دەربکەوێت، بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلە دەتوانرێت بەدەستداگرتن لەسەر دوگمەیەک بگۆڕدرێت بۆ پیکاپێکی مۆدێرن، بەو پێیەی شووشەی سەقفەکە لە پشتەوە دەجوڵێت بۆدەرکەوتنی سندوقی ئۆتۆمبێلەکە هاوشێوەی سندوقی ئۆتۆمبێلی پیکاپ دەبێت.
ئەم ئۆتۆمبێلە تەکنەلۆژیایSDAی بۆ بەکارهێنراوە کە گەشەپێدەران دەتوانن سیستەمی شۆفێری ئۆتۆماتیکی و سیستەمی سەلامەتی و سوکانە ئۆتۆماتیکیەکانی باشتر بکەن.
ئەوەی لەم ئۆتۆمبێلەدا جیاوازە، ڕووکاری لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیە، کە خاڵییە لە دوگمەی کلاسیکی، دوگمەکانی بە شاشەیەکی گەورەی تاچ گۆڕدراون کە لە ناوەڕاستی داشبۆردییەکەدا دانراوە، جگە لەوەی سەقفەکەی لەبەشی پێشەوە شاشەیەکی تری جوڵاوی لێیە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیای ئۆتۆمبێلەکە و بینینی فیلم و ڤیدیۆ بەکاردێت.
چانگان وردەکاری زۆری لەسەر ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو مۆدێل دەخاتە بازاڕەوە، یەکێکیان بە ماتۆڕی کارەبایی تەیار کراوە بەهێزی 245 ئەسپ، مۆدێلی دووەمیش ماتۆڕی کارەبایی دەبێت کە هێزێکی هاوتای 408 ئەسپ دروست دەکات. ئەم ئۆتۆمبێلانە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ساڵی2024دا دەخرێنە بازاڕەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
