شارپرێس:
وهزیرێكى حكومهتهكهى سودانى زانیاریی لهبارهى گهڕاندنهوهى بهشێك لهئاواره ئێزدیهكان لهسنورى دهۆكهوه بۆ شنگال ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لەشنگال کەلوپەلی دروستکردنی خانوو پێداویستیی فریاگوزارییو خێرایان بۆ دابین بکرێن".
ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچو کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی (145) ئاوارەی ئێزدی نیشتەجێی کەمپی (پەرسیڤی 1)ى لەزاخۆ لەپارێزگای دهۆک بۆ زێدی ئەسڵی خۆیان لەقەزای شنگالی سەر بەپارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقیی (واع) جابرۆ، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، “(145) ئاوارەی ئێزدی ئاوارە لەکەمپی (پەرسڤی1) لەقەزای زاخۆ لەپارێزگای دهۆک گەڕێندرانەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی نیشتەجێبونیان لەقەزای شنگالی پارێزگای نەینەوا، کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتو جێبەجێکردنی پلانی نیشتیمانیی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان".
ڕونیشیکردۆتەوە، "پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەکانو کەلوپەلەکانیان بەهاوکاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)و بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدراوە"، هاوکات ڕێنماییشیکردوە کە "ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لەشنگال کەلوپەلی دروستکردنی خانوو پێداویستیی فریاگوزارییو خێرایان بۆ دابین بکرێن".
