شارپرێس:
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ناوەندە نوێیەکانی گەشەی ئابوریی لەجیهاندا سەریانهەڵداوە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ڕۆژئاواو قۆستنەوەی دەرفەتەکانی هاریکارییو پتەوکردنی پەیوەندییەکان، دهشڵێت، "هەژمونی ڕۆژئاوا بەسەر ئابوریی جیهانییدا کۆتاییهاتوە".
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دوێنێ چوارشەممە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئاڕ تی) ڕوسیی ئاماژەی بەوەدا، سەردەمێکی نوێ کە بەفرە جەمسەری جیادەکرێتەوە لەجیهاندا دەستی بەشێوەگرتن کردوە، بەشێوەیەک هەریەک لەچین، هیندستان، ئێران، دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبییو گروپی دەوڵەتانی ئەمریکای لاتینو کاریبی (CELAC)ی وەک لەزلهێزە ئابورییە ڕوو لەهەڵكشاوەکانی لەجیهاندا وەسفکردوە.
وتوشیەتی، "ڕۆژئاوا زیاتر لەپێنج سەدەیە بڕیاردەرە لەجیهاندا، بەڵام ئەم سەردەمە تێپەڕیوە، ماوەیەکی دەوێت تا فرە جەمسەریی بەتەواوی چارەسەر دەبێتو ئەمەش ئەوەیە کە دەستی بەشێوەگرتن کردوە".
ئاماژەی بەپێشنیازی لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل کرد کە وتویەتی کۆمەڵەی دەوڵەتانی ئەمریکای لاتینو کاریبی “بەڕاستی پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە واز لەپشتبەستنی تەواو بەدۆلار بهێننو بیر لەدراوی خۆیان بکەنەوە”.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی بەڕازیل پێشنیازی دروستکردنی سەکۆیەکی پارەدانیش بۆ گروپی بریکس کردوەو ئەم بیرۆکانە کاردانەوەیەکی سروشتین بەرامبەر بەو شێوازەی کە ئەمریکا ڕۆڵی دۆلار لەڕێگهی سەپاندنی سزاکان بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنێت.
کۆمەڵێک وڵاتی کاریگەری جیهان لەوانەش ڕوسیاو چین داوای کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابوریی جیهانیی بەدۆلار دەکەن، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتی سزاکانی واشنتۆنو گەیشتنی قەرزی گشتیی ئەمریکا بۆ ئاستێکی پێوانەیی، لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە وردە وردە لەبازرگانیی نێوانیاندا بەرەو پشتبەستن بەدراوە نیشتیمانییەکانیان دەچن.
