لە24 كاتژمێردا لە سنووری هەولێر زیاتر لە پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە

کوردستان

20/11/2023‌ 1045 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

ئەو بەنداو و پۆندانەی لەسنووری هەولێر دروستكراون، مەترسی لافاویان كەمكردەوە و بەهۆشیانەوە لە24 كاتژمێردا زیاتر لە پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.

پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ پاراستن و كۆكردنەوەی ئاو بە دەیان پڕۆژەی ستراتیژی و رژدی‌ جێبەجێ كردووە، وەك دروستكردنی پۆند و بەنداو  كە لە بەرنامەی كابینەی نۆیەم دانراوە، ئەمەش لە پێناو باشتر سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنووری پارێزگای هەولێر لەپێناو بەرگرتن لە لافاو و پاراستنی ئاو وەك سامانێكی نیشتیمانی، دەستكراوە بە دروستكردنی چەندین بەنداو و پۆند، كە بەشێكیان تەواوكراون و بەشێكی تریشیان لەژێر جێبەجێكردندان".

ئاماژە بەوەش دەكات "لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی ئەو باران بارینەی لە سنووری پارێزگاكەمان داباری تەنها لە بەنداوی چەمرگە و 30 پۆندی دیكە كە لەم ماوەیەدا دروستكراون، (5 ملیۆن 500 هەزار) مەتر سێجا ئاو گلدرایەوە، بەمشوەیە:
- لەبەنداوی چەمرگە كە ئێستا پڕبووە لەئاو (1 ملیۆن) مەتر سێجا ئاو گڵدراوەتەوە.
-لە 16 پۆندی دیكە لەوانە پۆندی (كاریتان، دووشیوان، كەردز، هەرەجە) و چەند شوێنێكی تر، پڕبوون لە ئاو و (3 ملیۆن و 500 هەزار) مەتر سێجا ئاویان تێدا گلدراوەتەوە.
- لە 14 پۆندی دیكەش كە بەڕێژەی 50% پڕئاو بوونە (1 ملیۆن) مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.

راشیدەگەیەنێت "كۆی گشتی ئەو بڕە ئاوەی لە بەنداوی چەمرگە و پۆندەكان گلدراوەتەوە (5 ملیۆن و 500 هەزار) مەتر سێجا ئاوە، ئەوە جگە لە گلدانەی ئاوی (28) پۆندی دیكە كە ئێستا لە ژێر جێبەجێكردندان، بەتەواوبوونیان ئەوانیش دەتوانن (11 ملیۆن) مەتر سێجا ئاو گلبدەنەوە، كە ئەمەش جگە لە كەمكردنەوەی مەترسیەكانی لافاو، ئاوی باران كۆدەكاتەوە و بۆ وەرزی گەرما و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری ناوچەكان سوودی زۆری دەبێت و ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاد دەكات و لە هەمانكاتیشدا دەبنە شوێنێكی گەشتیاری".