وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى ئه‌فسه‌رو پێشمه‌رگه‌كانى لیواى 20 ده‌كات

کوردستان

30/11/2023‌ 680 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی پێشمەرگە له‌په‌یامێكى به‌په‌له‌دا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەو ئەفسەرو پێشمەرگانەی ناویان لەلیوای 20ی هاوبەش هاتۆته‌وه‌، دەبێت ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئامادەبونی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن"، ده‌شڵێت، "هەرکەسێک لەوکاتەی بۆی دیاریکراوە پەیوەندیی نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەبانگەوازێکدا ئاگاداری سەرجەم ئەو ئەفسەرو پێشمەرگانەی کردۆته‌وه‌ کە ناویان لەلیوای 20ـی پیادەی هاوبەش هاتوە لەڕۆژی شەممە، 2ى 12ى 2023 ئامادەبونی خۆیان دوپاتبکەنەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا بەپێویستی زانیوه‌، “تەواوی ئەوکەسانەی ناویان بۆ لیوای 20 هاتۆتەوە تاوەکو ڕۆژی شەممە پەیوەندیی بەو جێگایانە بکەن کە پێیانڕاگەیه‌نراوەو دەڵێت، “هەرکەسێک لەوکاتەی بۆی دیاریکراوە پەیوەندی نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت”.

رۆژی 27ی تشرینی دوەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی عێراق داوایکرد، سەرجەم ئەندامانی لیوای 20ـی هاوبەش لەرۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2023وە پەیوەندیی بەبنکەکانی ڕاهێنانەوە بکەن لەپارێزگاکانی کەرکوک، نەینەواو دیالە.

پێشتریش قارەمان شێخ كەمال جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە رایگەیاندبوو، لەچوارچێوەی رێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگەو سوپای عێراق بۆ دروستكردنی دوو لیوای ھاوبەش وەزارەتی پێشمەرگە لیوای 20ـی ھاوبەشی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە، بۆ ئەوەی ئەم دوو لیوا ھاوبەشە پێكبھێندرێت، دەبێت بچنە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق دواتر لەگەڵ لیوایەكی دیكەی وەزارەتی بەرگری دوو لیوای ھاوبەشیان لێدروست دەكرێت، لە سنووری كەركووك و دەشتی مووسڵ و مەخموور و خانەقین جێگیردەكرێن.

لای خۆیشیەوە عه‌مید هێمن حه‌سه‌ن فه‌رمانده‌ی لیوای 20ـی هاوبه‌ش وتبوى، ئه‌ركی ئه‌و دوو لیوا هاوبه‌شه‌ پاراستنی ناوچه‌ بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان‌و ڕێگریكردنه‌ له‌داعش بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك مۆڵگه‌.