یەكگوتاری و ناوچەی دژەفڕین چارەسەره!

مەلەفی تایبەت

19/01/2024‌ 1318 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 بەهرۆز گەڵاڵی

كاتی خۆی وەزیری دەرەوە عێراق  كە كاك هۆشیار زێباری بو، بۆ بە دبەختی كورد لە مەلیك  مەلیكتر بو . بۆ دەركردنی عێراق لەژێر بەندی حەوتی نەتەوەیەكگرتوەكان، شەو رۆژی خستبوە سەریەك بۆ ئەوەی عیراق لە ژێر بەندی حەوت دەربێنێ.

تێگەیشتنی ئەو له گه ل زۆرینەی سەركردایەتی كورد وابو،كه ئیتر هەتا هەتایە كورد لە خەم رەخساوە و هیچ كێشەیەكی سیاسی لەگەڵ بەغدا نەماوە! بە داخەوە كورتبینی و پێشبینی نەكردنی بەشێكی سەركردەكانی كورد بۆ قۆناغەكانی ئێستا، بەشێك لە هۆكاری موسیبەتەكانی ئەمرۆی هەرێمە لەم تێگەیشتنە هەڵانەوە سەرچاوەی گرتوە.

 لەعێراقی دوای سەددام برا شیعەكان و سوننەكان، هەرلەسەرەتاوە هەریەكەیان بە پالپشتی وڵاتانی هەرێمایەتی هەوڵیاندا جێگەپێ ی خۆیان قایمتربكەن و بە شیوەیەكی سیستماتیكیش قەوارەی هەرێم بچوك بكەنەوە، كورد لەپرۆژەكانی سوننەو شیعە بۆ بیناكردنەوەی عێراقی نوێ، تەنها دەیانویست  بەوەرگرتنی پۆست  و پێدانی پارە كورد خافڵگیربكەن، دواجار هەر ئەوكارەشیان كرد، جارێ بەناوی دادگای دەستوری، نەخێر بە ناوی نایاسایی فرۆشتنی نەوت وگاز، جارێك داواكاری دەروازە سنورییەكان، پەڕلە مانیان پەكخست ، حكومەتیان كردە كاربەرێكار. ئەنجومەنی پارێزگاكانیان هەڵوەشاندەوە؟ ئێستاش داوا لە بە غدا دەكەن سەرپەرشتی هەڵبژاردنیان بۆ بكات ، ئێ بۆ بۆت بكات ؟ بۆ شەرعییەتت بۆ بگێرێتەوە ! كە نایەوێ هەڵبژاردن بكرێ! دواجاركار گەیشتە پەلاماردان بە درۆن و مووشەك بۆسەر ناوەندەكانی هەولێرو سلێمانی و دەركردنی جوتیارەكانی كەركوك  و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و زەوی و زارەكانیان بەتۆپزی. ئاسمانی توركیا ماوەی چوار ساڵە بەرووی فرۆكەخانەی سلیمانی داخراوە و هەوڵی داخستنی فرۆكەخانەی هەولێریش هە موو ڕۆژێ بە درۆن بەردەوامە.

بەكورتی و بە كوردی، ئێستا هەموو ئاماژەكان پێمان دەڵێت، هەوڵێكی جدی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی فیدرالی لەعێراق و لەوێشەوە هەڵوەشاندنەوەو بچووكردنەوەی قەوارەی هەرێم تا ئاستی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەكۆتایدا ئەمەش بەمانای گێرانەوەی سوپای عیراق بۆ ئەو شوینانەی پێش ٩-٤-٢٠٠٣ و گەرانەوە بۆ چوارچێوەی یەكەم.

ئەو هەڵمەتانەی ئێستا لەسەر هەولێرو سلێمانی هەیە، بەشێكن لەو هەڵمەتە گشتگیرییەی كە قەوارەی هەرێمی كردۆتە ئامانجە گەورەكە، خۆ ئەگەر بەهانەی ئێران بۆ بۆردومانی هەولێر بوونی ئیسرائیلیە، ئێ توركیاو و چەندین ولاتی  عەرەبی كە دۆستی ئێرانن ! ئیسرائیل لەو وڵاتانە بەئاشكرا كاردەكەن، سەفارەتیان هەیە و ئاڵاكەیان بە سەر بیناكانیانەوە دەشەكێتەوە. بەڵام خاڵی لاواز لای كورد خۆیەتی وەك حاجی قادری كۆیی كە دەڵێ:
هه تاكو ئێوە لەگەڵ یەكتری ئاگری بن كا و نا تە بابن

بەرامبەر بە گەلی خۆتان وەك زوحاك و ئەژدیهابن
وەكو گوارە لە گوێ بگرن ئەو چوارینەم دلنیابن
لەسەر نەخشەی ئەم جیهانە قەت خاوەنی دەوڵەت نابن.

ئەمە رای حاجی قادری كۆیی نییە بەتەنیا، كە چەندین ساڵ پێش ئێستا ئەم شیعرەی نوسیوە، بەڵكو رای زۆرینەی خەڵكی كوردە كە سەركردەكان گوێیان لێنەگرتوە.

كورد پێویستە چیتر ئەوە لەمێشكی خۆیدا دەركات كە هەر دەوری قوربانی ببینێت، پێویستە واز لەوەبێنێت هەمیشە بەدوای لایەن و وڵاتێكدا بگەرێت تا شكستەكانی خۆی پێبخاتە سەر شانی ئەوان، بەتایبەت گەر لەخەباتی شاخ ئەوە گوێ لێگیراو بووبێت، لەئەزموونی ئیدارەو حوكمرانی 32 ساڵەی هەرێم و ئەو هەموو فرسەتەی هاتە ئاراوە، چیتر كریاری ئەو تێزانە دەستناكەوێت، بەپێچەوانەوە كاتی ئەوەهاتوە ئەبێت سەركردەكان جەرائەتی ئەوەیان هەبێت، دان بەشكست و كەموكورتیەكانی خۆیان وحزبەكانیاندا بهێنێن، ناكرێت سیاسەت و حزبایەتی لەم مۆدێلەی ئێستا كورت بكرێتەوەو دواتریش خۆیان بەدور بگرن و نەكەنە خاوەنی شكست و هەڵدێرەكان، ئەمرۆ كاتی ئیعترافكردنە بەهەموو هەڵەكان، كاتی پیاچونەوەیە و گوێگرتنە لە میللەت ،ناكرێت بەعینادی چارەنوسی ئەم هەرێمە بخرێتە بەردەم مەترسی لەناوچوونەوە.

خوێندنەوەی كورد بۆ دەروجیران راست دەرنەچوو، تێگەیشتنیان بۆ ئایندەی عێراقی دوای سەددام هەڵەبوو، بۆ پێكەوە ژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی كورتیان هێنا، بۆ ئابوری سەربەخۆ رێفراندۆم ئامانجەكەیان نەپێكا، لە ئیدارەو حوكمرانیش، نمونەیەكی جوان نیشان نەدرا، ئایا هەموو ئەوانە هەقی ئەوەناهێنی پیاچوونەوە بكرێت، هەموو ئەو كەموكەسرانە قابیلی ئەوەنییە بڕیاربەدەستانی ئەم هەرێمە رەخنە لەخۆبگرن و میللەت ئاشتبكەنەوە.

ئەمرۆ لەهەمووكات زیاتر دامەزاوە نیشتمانییەكانی هەرێم پەكیان كەوتوە، ئابوریەكەی داتەپیوە و لایەنەكان روو لەبەغدان تا رێگاچارەكیان نیشانبدات، هیزی بەرگری دابەش بووە، دوئیدارەیی بەردەوامە، حكومەت موچەی بۆدابین ناكرێت، بێ هیوایی وبێ متمانەی خەڵك بە حكومەت گەیشتۆتە لوتكە، ئاخۆ ئەبێت ئەودۆخە لەشكستخواردو زیاتر چ پێناسەیەكی تر هەڵبگرێت.

ئێستا مادام دۆخەكە هێندە مەترسیدارە، كاتی لوتبەرزی نییەو هەقوایە ئەم چەند ئەركە لەلایەن لایەنە باڵا دەستەكانەوە جێبەجێ بكرێت:
1- لایەنەكان بەئۆپۆزیسۆن و لایەنەكانی دەسەڵاتەوە كۆبونەوەیەكی فراوان بكەن، تا پرسی هەڵبژاردن تاوتۆبكەن و بریار بدەن كە تای هەڵبژاردن وانەكات ئێسكوپروسكی یەكتر بشكێنن و رێكەوتنێكی جەنتڵی لەنێوان خۆیاندا بكەن.

2- دامەزراوە نیشتمانییەكان  ئەكتیڤ بكەنەوە و بریارە چارەنوسسازەكان لەكۆشی حزبەكان دەربهێنن و بیگێرنەوە بۆ پەرلەمان.

3-داهاتی ناوخۆی هەرێم تێكەڵ بكەن و بەشێوەیەكی شەفاف بخرێتە بەردەست حكومەت و بەشێوەیەكی دادپەروانە خەرج بكرێت.

4-لەبەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی لەبەغدادوربكەونەوەو كورد ببێتە خاوەن یەك گوتاری هاوبەش.

5-پێگەی هەرێم لە عێراق و ناوچەكە بەهێز بكرێتەوە و دوربكەون لەو دابەشكارییەی ئێستاو كۆتایی بەپیلانگیری لەدژی یەكتری بهێنن.

6-گوێی لەلایەنەكانی ئۆپۆزیسۆن و خەڵكانی دلسۆز بگرن پرۆژەكانیان بۆ چاكسازی و گۆرانكاری بەهەند وەربگیرێت.

7-دەستوەردان لەبازار و بزنس كۆتایی پێبینن و سیاسەت و بزنس تیكەڵ نەكەن.

8-جگە لە دامەزراوە فەرمییەكان حزبەكان لە ئەنجومەنێكدا یان بەرەیەكدا كۆبكرینەوەو گیانی قۆرخكاری كۆتایی پێبهێنرێت.

9-لایەنەكان پێكەوە یاداشتێك بدەن بەنەتەوە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانان بۆ ئەوەی ناوچەی دژە فرین بۆ هەرێم دروست بكرێتەوە.

10-پارتی و یەكێتی و ئەو لایەنانەی تر كە هێزی چەكداریان هەیە، هەمویان هێزەكانیان لەلەشكرێكی یەكگرتو كۆبكەنەوەو كۆتایی بەم دابەشكارییە بهینن.

خۆ گەر ئەم خاڵانە جێبەجێنەكرێن، ئەوە هەقوایە دوارۆژ كەس خەتای لایەنە دەرەكییەكان نەگرێت و هێزەكانی ئێستا لەبەر دەم ئەم بەرپرسیارێتییە مێژوویەدان و دواتر مێژوو رەحم بەكەس ناكات و پەشیمانیش دادی كەس نادات…