بۆچی ئیسرائیلییەکان بە بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی خۆشحاڵ بوون؟

ڕاپۆرت

28/01/2024‌ 1355 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سێ لایەنی سەرەکیی بەشداربووان - ئیسرائیل، فەلەستین و ئەفریقای باشوور - پێشوازییان لەو بڕیارە مێژووییە کرد کە رۆژی هەینی دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە دۆسیەی جینۆساید دژی ئیسرائیل دەریکرد، هەرچەندە هیچ کام لە سێ لایەنەکە ئەوەی داوایان کردبوو لە دادگاکە بەدەستیان نەهێنا.

دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە لاهای هۆڵەندا بڕیاریدا ئیسرائیل "هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر" بۆ ڕێگریکردن لە جینۆساید لە غەززە، دوای ئەوەی ئەفریقای باشوور ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە جینۆساید لە شەڕەکەیدا لە کەرتی غەززە. هەروەک داواکاریی ئیسرائیلی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دۆسیەکە ڕەتکردەوە، بەڵام فەرمانێکیشی بۆ ئیسرائیل دەرنەکردبۆئەوەی شەڕی غەززە بوەستێنێت، وەک ئەوەی ئەفریقای باشوور داوای کردبوو.

سەرکەوتن بۆ دەوڵەتی جولەکە
زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان حوکمەکەی رۆژی هەینی دادگای دادی نێودەوڵەتییان بە سەرکەوتنێک بۆ دەوڵەتی جولەکە هەژمار کردووە، لەوبارەیەوە ئیلۆن لیڤی، وتەبێژی حکومەتی ئیسرال ڕایگەیاند، دادگاکە "داواکاری گاڵتەجاڕانەی ئەفریقای باشووری ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی داوا  لە ئیسرائیل بکات بەرگریکردن لە گەلەکەی و شەڕکردن بۆبارمتەکان ڕابگرێت"، هەروەک ئاڤی مایر، سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی (جێرۆسالم پۆست)، ئەو بڕیارەی بە "لێدانێکی وێرانکەر بۆ ئەو کەسانە ناوبرد کە دەوڵەتی جولەکە بە ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار دەکەن".

هەروەک شێلی ئەڤیڤیەنی، بەرپرسی بەشی یاسای نێودەوڵەتیی لە زانکۆی حەیفای ئیسرائیل بە تۆڕی  سی ئێن ئێن- ی ڕاگەیاند: دراماتیکترین شت ئەوەیە کە هیچ فەرمانێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست دەرنەچووە، دەرکردنی گریمانکراوی فەرمانی ئاگربەست گەورەترین مەترسیی ئیسرائیل بوو، بەتایبەتی کە هێشتا100 بارمتە لە غەززە ماون.

وتوشیەتی: "بۆیە، پێموایە ئەمە دەرئەنجامێکی تەواو پێشبینیکراوە، شتێکە کە ئیسرائیل دەتوانێت پێیەوە پابەند بێت"، باسی لەوەشکردووە کە فەرمانی دادگا بۆ ئیسرائیل بۆ ڕەوانەکردنیی هاوکارییە مرۆییەکان و ناردنی راپۆرتێک  بە دادگای دادی نێودەوڵەتی لەسەر کارەکانی، قبوڵ ناکرێت.

"ڕۆژێکی تاریک" لە مێژووی ئیسرائیلدا
هەرچەندە دەرئەنجامەکە لەلایەن هەندێک کەسەوە بە بەرژەوەندی ئیسرائیل سەیر دەکرێت، بەڵام شارەزایان هۆشدارییان داوە لەو زیانانەی کە بە ناوبانگی دەوڵەتی جولەکە دەگەیەنێت.

ڕۆبی سابێل، مامۆستاییاسای نێودەوڵەتیی لە زانکۆی عیبری قودس، بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، ناتوانم بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتیی بە سەرکەوتن ناو بهێنم، بەڵام دەڵێم دەکرا خراپتر بووایە.

ئەو کارەی ڕۆژی هەینی بڕیاری لێدرا، ڕێوشوێنێکی کاتییە لەلایەن دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە کاتێکدا دادگاکە بیر لە دەرکردنی بڕیارێکی تەواو دەکاتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئیسرائیل تۆمەتبارە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی جینۆسایدیان نا. ئەم بڕیارەڕەنگە ساڵانێکی زۆری بخایەنێت.

سابێل ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە "بە تەواوی قەناعەتی هەیە" کە دادگای نێودەوڵەتیی لە کۆتاییدا ئیسرائیل بە تاوانباری جینۆساید نازانێت، بەڵام نیگەرانە لەوەی تا ئەو کاتە "ڕەنگە خەڵک ئەوەیان لەبیرکردبێت".

وتوشیەتی: "ئەگەر داوایان لێکردباین واز لە بەرگریکردن لە خۆمان بهێنین، کێشەیەکمان دەبوو، بەڵام ئیستا لانیکەم ئەم کێشەیەمان نییە" ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای ئەوەش بڕیارەکە ڕۆژێکی زۆر تاریک بوو لە مێژووی ئیسرائیلدا."

بەڵام بۆ هەندێک لە فەلەستینییەکان، بڕیارەکەی دادگا ئەوەندە دڵخۆشکەر نییە، لەوبارەیەوە محەممەد کورد، چالاکوانێکی فەلەستینی خەڵکی قودسە ڕایگەیاندووە، دادگایدادی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە "گرنگترین داواکاری" ئەفریقای باشوور بۆڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان جێبەجێ بکات، دەشڵێت:"ئەوە شۆککەر نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەشدا جێگای سەرنجە."
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە