میلیشیا شیعیەكان بە فەرمانی ئێران هێرشەكانیان راگرتووە، ئەوەش دوای سەردانێکی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدای پایتەخت.
رۆژنامەی العربي الجدید لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا ئەوەی ئاشکراکردووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، رۆژی سێ شەممەی رابردوو سەردانێكی نهێنی و بەپەلەی بۆ عێراق ئەنجامداوە، قائانی لەو سەردانەیدا چاوی بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراق لەوانە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ژمارەیەك لەسەركردەی میلیشیا هاوپەیمانی تاران کەوتووە.
ئامانجی سەردانەکەی قائانی بۆ بەغدا بەمەبەستی بەرگرتن لە ئاڵۆزی زیاتری نێوان میلیشیاكان و سوپای ئەمریكا بووە، ئەوەش لە دوای هێرشەكەی سەر بنكەی تەنەف.
سەرادانەكەی قائانی چەند كاتژمێرێكی خایاندووە، كۆبونەوەی یەكەمی لەگەڵ سودانی ئەنجامداوە، كە ماوەی سێ كاتژمێری خایاندووە، قائانی لەو کۆبوونەوەیەدا وتویەتی، تاران نایەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی پاكتاوكردنی ململانێكانی لەگەڵ ئەمریكاو ئاسایش و سەقامگیری تێكبچێت.
هاوکات ئیسماعیل قائانی داوای لە سودانی كردووە ئەو پەیامە بگەیەنێتە ئەمریكیەكان، كە ئێران هیچ پەیوەندیەكی بە هێرشەكەی سەربنكەی تەنەفەوە نیە، تەنانەت هیچ زانیاریەكیشی لەبارەوە نەبووە، هەوڵی ئەوەش نادات روبەڕوی جەنگ لە ناوچەكە فراوان بێت.
فەرماندەکەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، بەڵێنی بە سودانی داوە فشار لە میلیشیا عێراقییەكان بكات، لەپێناو هێوركردنەوەی دۆخەكەو راگرتنی هێرشەكان دژی سوپای ئەمریكا، لە بەرامبەر پەلەكردن لە پرۆسەی گفتوگۆو دانوستانەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا بۆ كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و چوونە دەرەوەی سوپای ئەمریكا بەتەواوەتی، ئەوەش بەگوێرەی خشتەیەكی زەمەنی دیاریكراو.
هەر بە گوێرەی ڕۆژنامە قەتەرییەکە، قائانی دوای كۆبونەوەی لەگەڵ سودانی، لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكانی كەتائیبی حزبوڵڵاو بزوتنەوەی نوجەباو كەتائیبی سەید ئەلشوهەدا كۆبووەتەوە، داوای لێكردوون هێرشەكانیان رابگرن بەشێوەیەكی كاتی تا هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی جدیەتی لەكشانەوەی سوپاكەی لە عێراق ئاشکرادەبێت، لەبەرامبەردا حزبوڵڵا بڕیاریداوە هێرشەکان ڕابگرێت.
راگرتنی هێرشەكان لەلایەن میلیشیای حزبوڵڵاوە بۆ سەر سوپای ئەمریكا، دەرەنجامی سەردانەكەی قائانی بووە، هاوكات میلیشیاكانی تریش بەڵێنیانداوە هێرشەكانیان رابگرن، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی رایاننەگەیاندووە.
لەبەرامبەردا گرووپى فەیلەقی وەعدولسادق کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى مقاوەمەی ئیسلامی - شیعە، رایگەیاند لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە هەر شوێنێکى ناوچەکە بێت. باس لەوەش دەکەن کە "هەڵوێستى گرووپەکانى دیکە لە بەرچاو دەگرین بۆ راگرتنى هێرشەکانیان."
فەیلەقی وەعدولسادق یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانى عێراق، لە ساڵى 2006 لە سوپاى مەهدى سەر بە موقتەدا سەدر جیابووەوە، محەمەد تەمیمى ئەمیندارى گشتیى ئەو گرووپەیە.
هەرچەندە ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە، کە لەکات و شوێنی خۆی و بە چەند قۆناغێک وەڵامی ئەو هێرشەی ئوردن دەداتەوە کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا، بەڵام هێشتا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، "لەگەڵ ئێران شەڕمان ناوێت و ئەوانیش نایانەوێت."
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێریی گشتیی ناتۆ لە بارەگای وەزارەتی بەرگری - پێنتاگۆن، وتی، "من و سەرۆک چاوپۆشیی لەو هێرشانە ناکەین کە دەکرێتە سەر هێزەکانمان، دەکرێت وەڵامەکانمان بە چەند قۆناغ و ئاستێک لە چەند کاتێکی جیاواز بێت".