زۆر بەکارهێنانی مۆبایل دوو نەخۆشیی لێدەکەوێتەوە

هەمەڕەنگ

01/02/2024‌ 974 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی کە لەم دواییانەدا ئەنجامدراوە، هۆشدارییەکی توندی لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مۆبایلداوە، هەروەک هەندێک لەو زیانانەی ئاشکرا کردووە کە لێیدەکەوێتەوە، چونکە بەکارهێنانی ماوەی درێژخایەنی مۆبایل بەشێوەی ڕۆژانە، دەبێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەر تووشی نەخۆشییەک ببێت کە ڕەنگە ژیانی بگۆڕێت.

بەگوێرەی راپۆرتێک کە ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە،، توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بەکارهێنانی مۆبایلێکی زیرەک بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، واتە بەکارهێنانی تەنیا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەڕۆژێکدا، ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بەحاڵەتی فرە جووڵەیی و کەمی سەرنج لە گەورەکاندا زیاد بکات.

زانایان دەڵێن، لە جیهاندا ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەدەست نەخۆشیی فرەجوڵەیی و کەمی سەرنجدان (ADHD) دەناڵێنن رووی لەزیادبوون کردووە، توێژەرانیش دەڵێن،ڕەنگە مۆبایلە زیرەکەکان هۆکارەکە بن.

پزیشکان هەوڵدەدەن بزانن ئایا بەرزبوونەوەی بەردەوامی ADHD لە تەمەنی گەورەییدا تەنیا بەهۆی پشکنینی باشترەوەیە یان هۆکارەکانی ژینگە و ڕەفتار.

لێکۆڵینەوەکەی ئەم دواییە کە لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکیی ئەمریکیدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کەسانەی کە مۆبایلە زیرەکەکانیان بۆ ماوەی دوو کاتژمێریان زیاتر لەڕۆژێکدا بەکاردەهێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی فرەچالاکی و کەمی سەرنجدان زیاترە.

پزیشکەکان دەڵێن ئەم نەخۆشییە بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە منداڵانی بچووکەوە هەیە، لەگەڵ ئەگەری ئەوەی کە منداڵەکە بتوانێ لە قۆناغی گەشەکردندا لێی زیاد بکات، بەڵام ئەو سەرقاڵکردنانەی کە لەلایەن مۆبایلە زیرەکەکانەوە دروست دەبن وەک سۆشیال میدیا، نامەی کورت، ستریمینگ میوزیک، فیلم یان تەلەفزیۆن حاڵەتی ADHD و فرەجوڵەیی دروست دەکەن.

زاناکان دەڵێن ئەو کەسانەی کە کاتە بەتاڵەکانیان بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەسەر دەبەن، ڕێگە نادەن مێشکیان پشوو بدات و سەرنجی لەسەریەک کارێک بێت، سەرقاڵکردنی باویش دەبێتە هۆی ئەوەی گەورەکان ماوەی سەرنجدانیان کورتتر بێت و بە ئاسانی سەرقاڵ ببن.

توێژەران دەڵێن، بەهۆی ئەو سەرقاڵکردنە بەردەوامەی مۆبایلە زیرەکەکان درووستی دەکات، زیاتر کەسانی پێگەیشتوو "دەگۆڕدرێن" بۆADHD، دەشڵێن ئەو کەسانەی بەردەوام ئامێرەکانیان بەکاردەهێنن، ڕێگە نادەن مێشکیان لە دۆخی دیفۆڵتدا پشوو بدات.
ئامادەکردن: ئاکۆئاڵی