زەهایمەر لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە

تەندروستی

02/02/2024‌ 661 جار خوێندراوه‌ته‌وه



زانایان گەیشتوونەتە یەکەم بەڵگەی زانستیی کە ئاماژە بەوە دەکات کە نەخۆشیی زەهایمەر کە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشی بیرچوونەوەیە، دەتوانرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە، ئەویش لەڕێگەیەکی زانستیی ئاڵۆزەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، توێژینەوەیەک پشتڕاستی کردۆتەوە کە5 کەس لە تەمەنێکی بچووکدا تووشی نەخۆشیی زەهایمەر بوون، کە لە تەمەنیان نێوان38 بۆ55 ساڵیدا بووە، دوای وەرگرتنی ئەو هۆرمۆنانەی لە مێشکی بەخشەرە مردووەکان وەرگیراون، هەروەک3 کەسی دیکە نیشانەکانی تێکچوونی مێشک یان لەدەستدانی بیرەوەرییان لێ دەرکەوتووە.

توێژینەوەکە جەختی لەوەکردۆتەوە کە کۆمەڵێک کەس کە "هۆرمۆنی گەشەی مرۆڤ" لەڕژێنەکانی هێلکەدان و بەخشەرە مردووەکانەوە وەرگرتووە، زوو تووشی نەخۆشیی زەهایمەر بوون ، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی ئەوەی ئەو هۆرمۆنانەی بەکارهێنراون بەو پرۆتینانە پیسبوون کە نەخۆشییەکەیان لەمێشکیاندا چاندووە.

چارەسەری هۆرمۆنی گەشەی مرۆڤ بەلایەنی کەمەوە درا بە 1800 منداڵ کە کێشەی گەشەکردنیان هەبوو لە نێوان ساڵانی 1959 تا 1985. ئەم چارەسەرە ڕاگیرا، چونکە بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە نەخۆشەکان تووشی نەخۆشیی کوشندەی کریوتزفێڵد-جاکۆب ببن، کە بە نەخۆشیی مانگای شێت ناسراوە،کە نەخۆشییەکی دەگمەنە و کاریگەریی لەسەرمێشک دەبێت و دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە.

ئێستا زانایان پێیان وایە کۆمەڵێک لەو منداڵانە لە تەمەنی ناوەڕاستدا تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە بوون بەهۆی گواستنەوەی پرۆتینی زیانبەخش لە مێشکی بەخشەرە مردووەکانەوە.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دکتۆر گارگی بانەرجی، لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن، ڕوونیکردۆتەوە: بۆمان دەرکەوتووە کە ئەگەری هەیە نەخۆشیی ئامیلۆید بێتا بگوازرێتەوە و بەشداربێت لە نەخۆشیی زەهایمەر، و ئەم گواستنەوەیە دوای دووبارە چارەسەرکردن بە ماددە پیسبووەکان ڕوویداوە، بەزۆری لە ماوەی چەند ساڵێکدا. ”

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمە بەو مانایە نییە کە نەخۆشیی زەهایمەر بە هیچ شێوەیەک یان لەڕێگەی ڕێکارێکی پزیشکییەوە وەک گواستنەوەی خوێن یان چاندنی ئەندامەکانی جەستە بگوازرێتەوە.

پرۆفیسۆر ئەندرۆ دۆیگ، لە زانکۆی مانچستەر دەڵێت: ئەم جۆرە نوێیەی نەخۆشیی زەهایمەر جێگەی سەرنجی زانستییە بەڵام هیچ هۆکارێک نییە بۆ ترسان لێی.

دەشڵێت: "شێوازی گواستنەوەی نەخۆشییەکە زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەرەوە وەستا، گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە مێشکێکی مرۆڤەوە بۆ مێشکێکی دیکە بەم شێوەیە نابێت دووبارە ببێتەوە".
ئامادەکردن: ئاکۆئاڵی

بەپەلە