جەنگی ئۆکرانیا قازانجی دەیان ملیار دۆلاری بەکۆمپانیاکانی چەکی ئەمریکی گەیاندوە

جیهان

11/02/2024‌ 325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "پراڤدا ڕو"ی ڕوسیی بابەتێکی لەبارەی قازانجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری چەکی ئەمریکی بەهۆی بەردەوامیی شەڕو ململانێ سەربازییەکانی جیهان، لەوانە جەنگی ئۆکرانیا باسکردوە، بەشێوەیەک ئەو کۆمپانیایانە تەنها لەماوەی ساڵی ڕابردودا دەیان ملیار دۆلار قازانجیان کردوە.


ڕۆژنامەکە دەڵێت:"لەماوەی دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردودا کۆمپانیاکانی چەکی ئەمریکی لەئەنجامی توندبونەوەی ململانێ سەربازییەکان لەناوچە جیاوازەکانی جیهاندا قازانجێکی زۆریان بەدەستهێناوە".

باسی لەوەشکردوە، پەیوەندییەکی ڕون لەنێوان سیاسەتی دەرەوەی سەربازیی کۆشکی سپی‌و بەهێزبونی مەیلەکانی دژە ڕوسیادا هەیە.

لەڕاپۆرتی ڕۆژنامە ڕویسیەکەدا کە پشتی بەڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی پۆلۆتیکۆی ئەمریکی بەستوە باسی لەوەکردوە، تەنها لەساڵی 2023دا، کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا 81 ملیار دۆلار قازانجی لەفرۆشتنی چەک بەوڵاتانی دیکە کردوە.

بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2022، فرۆشی چەک زیاتر لەسەدا 50 بازدانی بەخۆیەوە بینیوە! بەگوێره‌ى ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆی، قازانجترین گرێبەستەکان بۆ هێلیکۆپتەری هێرشبەرو فڕۆکەی گواستنەوەو موشەکی دورمەودا بوە، گەورەترین کڕیارانیش بریتیبون لەبەرلین‌و وارشۆ.

ئەوەش هاتوە، جگەلەوەی هەموو ئەندامانی ناتۆ هەوڵدەدەن چەکەکانیان "بەهێزترو زۆرتر بکەن" وەک ئامادەکارییەک بۆ "ڕوبەڕوبونەوەیەکی حەتمی داهاتوو لەگەڵ ڕوسیا".

کۆشکی سپی بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە، کۆمەڵگەی - پیشەسازیی سەربازیی ڕوسیا کە سزای بەسەردا سەپێنراوە، ناچارە لەزۆربەی بازاڕە جیهانییەکان دەربچێت‌و ئەمەش "دەرفەت" بۆ کۆمپانیاکانی بواری چەکسازیی ئەمرکی دەڕەخسێنێت، بەشێوەیەک گەورەترین کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگریی ئەمریکا بەشانازییەوە ڕایانگەیاندوە کە "پشکێکی گەورەی بازاڕی چەکی جیهانییان لەڕوسیا وەرگرتۆتەوە.

بەپەلە