له‌یادى ڕاپه‌ڕیندا مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

05/03/2024‌ 6120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌33یه‌مین ساڵیادى ڕاپه‌ڕیندا، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "مەترسیەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵیزم‌و هەرێمی کوردستان ڕژدو کاریگەرن"، ده‌شڵێت:"ئێستا لەهەموکات زیاتر چارەنوسی هەرێم بەهەڵبژاردنه‌وه‌ بەستراوەتەوە".


بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا نوسیویه‌تى، "هەرێم نەک تەنها لەبۆشایی دامەزراوە شەرعیەکاندا ماوەتەوە، بەڵکو پێگەی لەسەر ئاستی عێراقیش لاوازترو کەم کاریگەرتر بوە".

باس له‌وه‌شده‌كات، "دواى 33 ساڵ ئێستا لەهەلومەرجێکى دژوارى سیاسى‌و ئابوریى‌و دامەزراوەیدا یادى ڕاپەڕینەکەى دەکاتەوەو بەدۆخێکى پڕ ئاڵنگاریی‌و قەیران‌و خراپى دۆخى ژیان‌و گوزەرانى هاوڵاتییان‌و موچەخۆران تێدەپەڕێت".

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، ئەو ئاڵنگارییانەى ئەمڕۆ ڕوبەڕوى هاونیشتیمانیان‌و هەرێمى کوردستان بوەتەوە؛ بەشێکی زۆریان دەرئەنجامی بەلاڕێدابردنی ئامانجەکانی ڕاپەڕین‌و لێکەوتەى حوکمڕانی خراپن لەناوخۆدا.

هۆشداریده‌دات له‌مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌و ده‌ڵێت:"مەترسیەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵیزم‌و هەرێمی کوردستان ڕژدو کاریگەرن، هەربۆیە سەرکێشیکردن بەهەرێمى کوردستان کە بەرهەمی خوێن‌و خەباتی خەڵکی کوردستان‌و پێشمەرگەو شانە چەکدارەکانە، ئەوپەڕی هەستنەکردنە بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی‌و نەتەوەیی".

دەقى بەیاننامەکەى بزوتنەوەى گۆڕان له‌یادى 33 ساڵەى ڕاپەڕیندا

‎ئەمڕۆ، لە هەلومەرجێکی دژواری سیاسیی و ئابوری و دامەزراوەییدا؛ هەرێمی کوردستان یادی (33)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە، ڕاپەڕینێک وەک ڕەتکردنەوەیەکی گشتی لەڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە چەخماخەی سەندو بەماوەیەکی کەم هەموو ناوچەکان لەدەستی ڕژێمی بەعس ئازادکران‌و لەدوا وێستگەشدا لەشاری کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.

‎ئەم ڕوداوە مێژوییە پڕ بایەخە، لەکاتێکدا بەبیر دەهێنینەوە، هەرێمی کوردستان لەهەموکات زیاتر بەساتەوەختی پڕ ئاڵنگاری‌و قەیران‌و خراپی دۆخی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتییان‌و موچەخۆران تێدەپەڕێت، ئەم دۆخەش لەهەموو ڕوەکانەوە کاریگەریی نەرێنی جێهێشتوە، لەڕوی سیاسیەوە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، پەرلەمانی کوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاکان‌و دامەزراوەکانی یاسادانان‌و چاودێری هەڵوەشاندوەتەوە؛ بەمەش هەرێم نەک تەنها لەبۆشایی دامەزراوە شەرعیەکاندا ماوەتەوە، بەڵکو پێگەی لەسەر ئاستی عێراقیش لاوازترو کەم کاریگەرتر بوە.

‎لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ئاڵنگارییانەى ئەمڕۆ ڕوبەڕوى هاونیشتیمانیان‌و هەرێمى کوردستان بوەتەوە؛ بەشێکی زۆریان دەرئەنجامی بەلاڕێدابردنی ئامانجەکانی ڕاپەڕین‌و لێکەوتەى حوکمڕانی خراپن لەناوخۆدا، بەشێوەیەک ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، دروستنەکردنی هێزێکى نیشتمانى نیزامی، بەکارهێنانى دامەزراوە نیشتمانیەکان بۆ بەرژەوەندى حزبە فەرمانڕەواکان، نەهێنانەدی ئامانجە دیموکراتیەکان‌و ڕێزنەگرتن لەئازادییە گشتی‌و مەدەنیەکان، پابەندنەبون بەسەروەری یاساو لاوازکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکان، قوڵکردنەوەی ناکۆکیە حزبیەکان‌و پەرتەوازەیی‌و دروستنەکردنی کۆدەنگی نیشتمانی، بەدوو ڕوانگەی جیاواز مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداو پاشکشێی خواست‌و داواکارییە نەتەوەیی‌و ستراتیژییەکان، نەبونی یاسای بودجەو شەفافیەت لەداهات‌و خەرجیى، کە هەموو ئەمانە بەسەریەکەوە بوەتە هۆی لاوازبونی متمانەی سیاسیی بەحوکمڕانی کوردی‌و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

‎لەناو ئەم واقعە تاڵەدا، ئێمە لەبزوتنەوەى گۆڕان، کە دواهەمین پڕۆژەى سیاسی ئەندازیارى ڕاپەڕین نەوشیروان مستەفایە جەختدەکەینەوە؛ مەترسیەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵیزم‌و هەرێمی کوردستان ڕژدو کاریگەرن، هەربۆیە سەرکێشیکردن بەهەرێمى کوردستان، کە بەرهەمی خوێن‌و خەباتی خەڵکی کوردستان‌و پێشمەرگەو شانە چەکدارەکانە، ئەوپەڕی هەستنەکردنە بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی‌و نەتەوەیی، هاوکاتیش هاونیشتمانیان شایەنی ئەوەن لەچوارچێوەى دامەزراوەکانی هەرێم بەوپەرى ڕێزو متمانەوە ئاستێکی بەرزی ژیان‌و بژێویی‌و ئازادیان بۆ دەستەبەرکراوبێت، لەو پێناوەشدا بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەرشانی هاوڵاتیان‌و موچەخۆران پێویستە فشارەکان جدیتر بکرێن بۆ ڕێککەتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی بەئاراستەی جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکان‌و دابینکردنی شایستە داراییەکان‌و موچەی فەرمانبەران.

‎لەکۆتایدا، دوای تێپەڕبونی (33) ساڵ بەسەر ڕاپەڕین‌و دەستکەوتەکانی؛ لەهەموکات زیاتر، چارەنوسی هەرێمی کوردستان بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش دوابەدوای بۆ چوارەمینجار ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە(10ى 6ى 2024)، لەو ڕوانگەیەوە، سەرەڕای پێشوازیی لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەرد، هیوادارین لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە لاببرێت‌و هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت، چونکە پرۆسەی دیموکراسی‌و نوێکردنەوەی ڕەوایەتی سیاسیی‌و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان پەیوەندیدارە بەم هەنگاوە پێویستەی ژیانی دیموکراسی.

‎بزوتنەوەی گۆڕان
5ی ئازاری 2024