بڕیارێكى نوێ له‌دادگاى باڵاى فیدراڵیه‌وه‌

کوردستان

05/03/2024‌ 13115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی دادگای فیدراڵی له‌بڕیارێكى نوێدا ڕایگه‌یاند، فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق مامەڵە بکەن.


جاسم عومێرى سەرۆکی دادگای فیدراڵی له‌بڕیارێكى نوێدا ڕایگەیاند، "ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەچن پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان، بۆیە سەرجەم فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکەن".

سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەچاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى عێراق ڕایگەیاندوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە دەرچوە، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی‌و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بەیەکلاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و سودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی‌و لێبڕینی موچەی هەرێم.

وتیشى:"سەلمێنراوە فەرمانبەران لەهەرێمى کوردستان مانگانە لەکاتى خۆیدا موچەکانیان وەرناگرن، ناکرێت فەرمانبەرێک لەناوەڕاست‌و باشورى عێراق هەموو مانگێک لەکاتى خۆیدا موچەکەى وەربگرێت، بەڵام فەرمانبەران لەهەرێمى کوردستان لەم مافەیان بێبەش بن".

ئاماژەى بەوەشکردوە، دەبێت سامانى نەوت‌و گازو سەرچاوەکانى دیکە بۆ تەواوى گەلى عێراق بێت.

سەرۆکى دادگاى فیدراڵى وتوشیه‌تى:"هەڵنەبژاردن‌و دیارینەکردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ په‌رله‌مانى عێراق ماناى ئەوەنییە کارەکە بوەستێت، پێیوستە په‌رله‌مان بەشێوەیەکى ئاسایی کارەکانى بەڕێوەببات تا ئەوکاتەى کەسێکى دیکە بۆ ئەو پۆستە دیاریدەکرێت".