وەزیری بەرگری تورکیا گەیشتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان

کوردستان

13/03/2024‌ 1026 جار خوێندراوه‌ته‌وه

مێدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەسەرکردەوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە یاشار گولەر بە یاوەری جێگرەکەی، شوای ئاڵپای سەردانی پارێزگای شرنەخی  سنووری نێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستانی کردووە.

ڕاشیگەیاندووە کە دوای ئەوەی یاشار گولەر لە فڕۆکەخانەی شرنەخ-شەرەفەددین ئەلچی پێشوازی لێ کرا، لە ڕێگای ھێلیکۆپتەرێکەوە، گواستراوەتەوە بۆ فەرماندەیی فیرقەی ٢٣ی پیادە.

باسی لەوەشکردووە کە وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر لە فەرماندەیی فیرقەی ٢٣ی پیادە لە بارەی دوایین پێھشاتەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن ئاگادارکراوەتەوە ،ھەروەھا زانیاریشی لەبارەی ئەو ئوپەراسیۆنانە پێدراوە کە لە ناوچەکەدا، ئەنجام دەدرێن.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، وەزیری دەرەوە بە یاوەری وەزیری بەرگریی و سەرۆکی میت، سبەی سەردانی بەغدا دەکەن.

لە ڕاگەیاندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوە هاکان فیدان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، سەردانی بەغدا دەکات و لە لایەن وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن، پێشوازی لێ دەکرێت.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەریەکە لە یاشار گولەر وەزیری بەرگریی و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت و مونیر کارالئوغڵو جێگری وەزیری ناوخۆ یاوەری وەزیری دەرەوەی دەکەن لەم سەردانەدا.