نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رەنگە بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ

کوردستان

14/03/2024‌ 731 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سوریا ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان) ڕەنگە ببێتە تاوانی جەنگ، بەو پێیەی ملیۆنێک کەسی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش کردووە و خەڵکی مەدەنیشیان کوشتووە.

لیژنەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا کە هاوکاتی یادی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریایە و لە 18ی ئاداردا پێشکەشی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا لە باکوری سوریا بۆچەند هەفتەیەک بووەتە هۆی بێبەشکردنی یەک ملیۆن کەس لە ئاو و کارەبا، ئەمەش پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.

جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە " کەسانی مەدەنیی لە هێرشە ئاسمانییە ئاراستەکراوەکاندا کوژراون، ئەمەش وەک بەشێک لە شێوازێکی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و ڕەنگە ئەم جۆرە هێرشانە ببنە تاوانی جەنگ".

لیژنەکە داوای ئاگربەست لە سوریا دەکات، هەروەها ڕایگەیاندووە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندوتیژیی بووەتەوە کە لە ساڵی 2020ەوە نەبینراوە، لەسەر چەندین ئاستی جیاجیادا.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنەکانی ململانێ بەشێوەیەک هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و توانا سەرەتاییەکان کە ئەگەری هەیە ببێتە تاوانی جەنگ، لە کاتێکدا قەیرانێکی مرۆیی بێ وێنە، سوریاییەکان زیاتر بێهیوا دەکات.

پاولۆ پینهیرۆ، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وتویەتی: گەلی سوریا چیتر بەرگەی چڕبوونەوەی ئەم شەڕە وێرانکەر و درێژخایەنە ناگرێت، کە زیاتر لە 90% ی خەڵکەکەی لە ئێستادا بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، ئابووریی وڵاتەکەش لەژێر سایەی گەمارۆ توندەکاندا هەرەسی هێناوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە وڵاتان کراوە هاووڵاتییەکانیان لە کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بگەڕێننەوە، هاوکات ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆئەوەی دووبارە لەگەڵ کۆمەڵگادا تێکەڵ بکرێنەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی