مەسعود بارزانی دڵنیایی دەداتە مالیکی کە بەشداریی لە هەڵبژاردن دەکات

کوردستان

22/03/2024‌ 1254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا ڕایدەگەیەنێت، مەسعود بارزانی دڵنیایی پێداوە کە پارتی بەشداریی لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات.

لە نوێترین چاوپێکەوتنى تەلەفزیۆنیدا، نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا دەڵێت: لەگەڵ مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم ئەنجامدا، دڵنیایی پێدام کە پارتی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم ناکشێتەوە، بەڵام چاوەڕێی لێکدانەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکەن.

مالیکى ئاشکراى دەکات کە بەڵێنێکى بە مەسعود بارزانى داوە و دەڵێت: بارزانیم دڵنیاکردەوە ئەو کێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا بەم نزیکانە چارەسەر دەبێت

سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا لەسەر پەیوەندییەکەى خۆى و بارزانى وتیشى: بارزانی وتی لەم دوایانەدا هەندێک بریار دەرچووە دەست بەسەر مافی کورددا دەگرن.

لەبارەى دادگاى فیدراڵییەوە مالیکى وتى: دادگای فیدراڵی دەزگایەکی بێلایەن و لایەنێکی ژیرە کە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان و دادگای فیدراڵی هەڕەشەی لە کەس نەکردووە و بەبێ بەڵگە تۆمەتی خراوەتە پاڵ.