لێدوانى وەزیرى دارایی هەرێم لەبارەى دابەشکردنى موچەوە

کوردستان

23/03/2024‌ 1013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لەبارەى دابەشکردنى موچە لەو ٦٠٠ ملیار دینارەى عێراق ناردویەتى وەزیرى دارایی دەڵێت: ئەو پارەى هاتووە ڕامان گەیاندووە چەند کورتهێنانمان هەیە و بابەتەکە دابەشکردن و دابەشنەکردنى موچە نییە و دەشڵێت: نزیکەى ٣٠٠ هەزار موچەخۆرى هەرێم ناوى بۆ موچە نەهاتووەتەوە و ئەمەش وەک بۆمبێکى تەقیتکراو و ئاگرێک وایە خراوەتە نێو ماڵى کوردەوە .

ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابورى هەرێم لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: نزیکەى ٣٠٠ هەزار موچەخۆرى هەرێم ناوى بۆ موچە نەهاتووەتەوە و ئەمەش وەک بۆمبێکى تەقیتکراو و ئاگرێک وایە خراوەتە نێو ماڵى کوردەوە و پێویستى بە حیکمەتە بۆ چارەسەرکردنى.

لەوەڵامى ئەوەى کەى دەست بە دابەشکردنى موچە دەکرێت؟ وەزیرى دارایی و ئابورى هەرێم وتى: ئێستا پارەى پێویست نییە بۆ دابەشکردنى موچە و چاوەڕێین کۆى پارەى موچە خۆرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە بۆمان بنێردرێت.

لەبارەى داهاتى ناوخۆى هەرێمەوە دەڵێت: پێنج سەرچاوەى سەرەکى داهاتى ناوخۆمان هەیە و ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ملیار دینارى مانگانەیە و ١٥%ى کاش نییە، ٦٠ ملیارى بۆ نەسریە دەچێت و ١٨٠ ملیارى بۆ موچەیە و ئەوەى دەمێنێتەوە بۆ پرۆژەیە.

وەزیرى درایی ئاماژەى بەوەشکرد، لە کۆى ١٤ کێڵگەى نەوتى هەرێم نۆ کێڵگەى کاردەکات، لە مانگى حوزەیرانى ساڵى رابردوو تا ١ى کانونى یەکەمى ٢٠١٣ زیاتر لە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەستى بەغدا کردووە، بەبێ ئەوەى کرێى دەرهێنانى بدەن.