ڕۆنووس و سەنتەری میترۆ سەركۆنەی هێرشكردنەسەر رۆژنامەنووسان لە خۆپیشاندانەكەی مامۆستایان دەكەن

کوردستان

25/03/2024‌ 266 جار خوێندراوه‌ته‌وه



   فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ ڕۆنووس رایگەیاند "ئەمڕۆ (٢٠٢٤/٣/٢٥)، لە كاتی ڕووماڵی خۆپێشاندانی مەدەنیانەی مامۆستایان بۆ مافە یاسایی و پیشەییەكانیان، هاوشانی مامۆستایان، ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووس و میدیای فەرمی كەوتنەبەر پەلاماری هێزە ئەمنییەكان و، ماف و ئازادی كاركردنیان پێشێلكرا".

ڕۆنووس لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند "دوای ئەوەی ئەمڕۆ مامۆستایان بڕیاریاندابوو بۆ داواكردنی مافەكانیان و ڕوونتر تێگەیشتن لە هەڵوێستی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە داواكارییەكانیان، ڕووبكەنە دەباشان و لە نزیكترەوە پەیامی خۆیان بە سەرۆكی ئەم حیزبە بگەیەنن، بەڵام لە پردی دەباشان، هێزە ئەمنییەكان، هاوشێوەی پەلاماردان و دەستگیركردنی مامۆستایانی خۆپێشاندەر، كەوتنە دەستگیركردن و ئازاردانی ڕۆژنامەنووسانیش و هەر یەك لە دەزگاكانی (دەنگی ئەمریكا، وێستگەنیوز، سبەی، ئێن ئاڕ تی و مایك و دەزگای ٩٦٤)، پێچەوانەی یاسای كاری ڕۆژنامەنووسی ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧، ڕووبەڕووی پێشێلكاری بوونەوە".

هەروەها ڕۆنووس دەڵێت "ئێمە لە فیدراسیۆنی «ڕۆنووس»، وێڕای بە توندی سەركۆنەكردنی ئەم دەستدرێژی و پێشێلكارییانە، ئەوە بیردەهێنینەوە، كە دیمەنەكانی ئەمڕۆ جارێكی دی دووپاتكردنەوەی ئەم ڕاستییە بوون، كە تەواوی هەرێمی كوردستان وەكیەك لەبەردەم پێشێلكاری و مەترسی بەرتەسككردنەوەی ئازادی و ئازادی كاری ڕۆژنامەنووسیدایە. بۆیە پێویست دەكات هەمووان یەكدەنگ و بە یەك هەڵوێست، دوور لە جیاوازییە بچووكەكان، هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان بۆ سەر بەرتەسككردنەوەی فەزای ئازادی بەگشتی و هەمانكات خەمی داكۆكی و فراوانكردنی ژینگەی ئازادی بكەینە خەمی گشتی هەموومان".

لەلایەكی دیكەوە سەنتەری میترۆ  ئیدانەی دەستگیركردن و ڕێگری لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی دەكات، ڕایدەگەیەنێت رەفتاری هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و تیمەكانی راگەیاندن سەلماندی كە فەرمان هات هیچ گرەنتیەك نییە رەفتاری هێزی ئەمنی لە دانبەخۆداگرتنەوە بگۆڕێ بۆ زەبرزەنگ.

سەنتەری میترۆ ڕاشیگەیاند |ئەمڕۆ جارێكی تر سەدان مامۆستای ناڕازی لە شاری سلێمانی نزیك پردی دەباشان، خۆپیشاندانیان رێكخست، بەڵام رەفتاری ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەكان جیاوازتربوو لە رەفتار و هەڵوێستی چەند مانگی رابردوویان بەرامبەر بە ناڕەزایەتیی مامۆستایان. هێزە ئەمنییەكان پەلاماری خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی ئەو مامۆستایانەیان داوە و چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە ناوەكانی ( نەبەرد ئەحمەد، ئاری عزەدین، ئاسۆ محەمەد) كە ویستویانە لەكەلارەوە بێنە سلێمانی دەستگیركرد، چەند ئەندامێكی تریان لەناو خۆپیشاندانەكان دەسگیركراون".

رونیشیكردەوە "ئەوەی بەدەستمان گەیشتووە تا نوسینی ئەم راپۆرتە: لەكاتی روماڵی خۆپیشاندانەكەدا كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمی ئێن ئارتی و وێستگە نیوز زەوتكراوە، (ئارۆس جەبار) كامێرەمانی وێستگە نیوز دەستگیكراوە ( مەروان فەرەیدون) وێنەگری ئێن ئارتی دەستگیركراوە، دەستبەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی سپێدە و 964+ گیراوە. كامێرامانی مایك ( گریڤان فەرمان) بۆ ماوەی كاتژمێرێك دەستبەسەركراوەو دەست بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكەیدا گیراوە تەواوی گرتە ڤییدیۆكانی سڕاوەتەوە پاشان ئازاد كراوە. هەروەها سنور كەریم پەیامنێری دەنگی ئەمریكا پێی راگەیاندین ئەوان كە لە ناو ئۆتۆمبێلدا بوون و لەو كاتەدا روماڵیان نەكردوە، بەڵام هێزێكی ئەمنی رێگەی پێگرتوون و داوایان لێكراوە كەلوپەلی رۆژنامەوانیان بدەن بەدەستەوە".

هەروەها سەنتەری میترۆ دەڵێت "هێزە ئەمنییەكان پەلاماری تیمی سبەی ( خۆشی شەیدا، هەرێم بابا عەلی)یان داو دەستیان گرت بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمەكه  وئیمداد عەبدوڵڵا پەیامنێری ئاپۆرانیوزیان دەستگیركرد و و دەستیش بەسەر كەلوپەلەكانیدا گیرا، دوای چەند كاتژمێرێك لە دەستگیركردنی ئازادكرا."

سەنتەری میترۆ  ئیدانەی دەستگیركردن و رێگری لە رۆژنامەنووس و چالاكوانی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی دەكات، رایدەگەیەنێت ئەوەی لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆ ڕویداو لە بەكارهێنانی هێزو تۆقاندن بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و تیمەكانی ڕاگەیاندن لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، لە دوو مانگی ڕابردودا روویان نەداوە. فەرمانی بەكارهێنانی هێز بەرامبەر خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە و دەستگیركردنی رۆژنامەنووس كە بۆ روماڵكردن لەوێبوون وە دەستگیركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكە شەرمەزار دەكەین.