زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشەکەی ڕوسیاو ڕۆڵی تورکیا تێیدا ئاشکرادەکرێت

جیهان

27/03/2024‌ 923 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی ئیزڤێستیای ڕوسی بڵاویکردۆتەوە، ئەستەمە هێرشبەرەکان بەشانەیەکی تیرۆریستی ڕێکخراو بەمانا کلاسیکییەکان وەسفبکرێت، بەوپێیەی بەچەند هەفتەیەک پێش هێرشەکە پێکهاتون، ئاماژەی بەوەشکردوە، دوو کەسیان کاتێک لەناو تورکیادا بون ڕێنماییان پێدراوە، ئەوانی تریش لەناو خاکی ڕوسیادا بون.


ڕۆژنامەکە بەپشتبەستن بەسەرچاوەیەک ئاماژەی بەوەکردوە، کەسانێک کە پێشتر هیچ پەیوەندییەکیان بەئیسلامی توندڕەوەوە نەبوە بۆ ئەم هێرشە هەڵبژێردراون، ئەمەش وایکردوە کە زۆر قورس بێت لەقۆناغی ئامادەکاریی بۆ هێرشەکە، بەهاوکاریی تۆڕە سیخوڕییەکان‌و دەزگا هەواڵگرییەکان ڕێگرییان لێبکرێت.

سەرچاوەیەکی دیکە بەڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندوە کە “ئاشکرابونی ئەو ڕاستییەی کە دوو تیرۆریست پێش هێرشەکە سەردانی تورکیایان کردوە، بەتایبەتیی جێگەی سەرسوڕمانە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە کە “بانگخوازانی وەهابی کە لەئێستادا لەڕوسیا بەغیابی سزادراون‌و داواکراون، وەک عەبدوڵڵا کۆستیسکسکی‌و ئەبو عومەر ساسێتلینسکی، لەئێستادا لەتورکیا نیشتەجێن‌و ناوەندی ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆیان هەیە کە بانگەشەی بۆ دەکەن".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، زانیارییە سەرەتاییەکانی بەردەست لێکۆڵینەوەکە دەریدەخەن کە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی چیگدەم نزیکەی سێ بۆ چوار هەفتە لەمەوبەر کۆبونەتەوەو هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر پەیوەندییان لەگەڵ گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لەکایەی گشتیدا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەجێنەهێشتوە.

ڕۆژنامەکە ڕونیشیکردوەتەوە، لەگرتە ڤیدیۆییەکانی لێکۆڵینەوەکاندا یەکێک لەئەنجامدەرانی هێرشەکە دەردەکەوێت کە ناوی شەمسەدین فەرەیدونییەو دەڵێت، لە4ی ئادار لەتورکیاوە هاتوەتە ڕوسیاو دواینجاریش لەحەوتەمی ئەم مانگەدا لەهۆڵی شارەوانی کرۆکوس دەرکەوتوە، کە بەڕێکەوت لەوێنەکاندا دەرکەوتوە کە فۆتۆگرافەرێک ئەو ڕۆژە بۆ کۆنسێرتەکەی هونەرمەند ئەلیساندرۆ ساڤینا ئیتاڵی گرتوەو ڕایگەیاندوە کە پێدەچێت پشکنینی شێوازی بیناکەو شوێنی پۆستەکانی پاسەوانەکان بکات‌و لەوکاتەدا بەدوای ڕێگه‌کانی هەڵهاتندا بگەڕێت .

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێکۆڵینەوە لەیەکێک لەو هێرشبەرانەی لەشوێنی ڕوداوەکە دەستگیرکرابوو، لەلایەن مارگاریتا سیمۆنیان سەرنوسەری کەناڵی ڕوسیا تودەی تیڤی پەخشکرا کە تیایدا ئەو تیرۆریستە کە خۆی بەشەمس ئەلدین فەریدونی ناساندوە، بانگەشەی ئەوەیکردوە کە لەچواری ئەم مانگە لەتورکیاوە هاتوەو پێنج هەزارو 400 دۆلاری بۆ ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکە خراوەتە بەردەم.