شۆڕشی نەورۆز و شایی

مەلەفی تایبەت

31/03/2024‌ 418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئارێز عەبدوڵلا

سەدان ساڵە کورد و کوردستان لە ژێر هەڕەشە و هەژموونێکی سەختی داگیرکەراندان. نیشتمانی داگیرکراومان بەزۆری زۆرداری کراوەتە بەشێک لە خاکی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و نەتەوەکەشمان هەڕەشەی لەناوبردنی لەسەرە. بۆ ئەم مەبەستە ڕێگا و شێوازی جۆراو جۆر گیراونەتەبەر، لە گرتن و کوشتن تا جینۆساید، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوەی کورد هەر مایەوە و لانی کەم زمان و کلتوری خۆی پاراست.
دیارە تا ئێمە دەوڵەتی خۆمان نەبێ هەڕەشەی لەناوچوونمان هەر لەسەر دەبێ، بەڵام بەرگری و بەرەنگاربوونەوەشمان ئەوەندە بەهێزە مەترسیمان خستۆتە سەر دڵی ئەوانەی بەهیوای لەناوبردن یان تواندنەوەی کورد بوون.
کورد جلک بەرگی نەتەوەی و زمانی خۆی پاراست، دەستی بەخاکەکەیەوە گرت و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی پاراستن، بۆیە مایەوە.
ئێمە ئەگەر باسی مێژووی خەبات و قوربانیدانمان بکەین لەبن نایە، بەڵام خەباتی ئەم ساڵ لە هەموو ساڵانی رابردوو جیاوازتر بوو. نەک هەر لەسەرتاسەری کوردستان، بەڵکو لە تاراوگە و دیاسپۆراش، لە هەر شوێنێک کوردستانیەک هەبووبێ بەگیانی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی بە جلک و بەرگی کوردییەوە بەشداری لە جەژنی نەورۆز کردوە. ئەو خەباتە نەرمە، خەباتێکە هێزی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەر ناتوانێ بەرەنگاری ببێتەوە، بەڵام خەباتێکە کاریگەری لە خەباتی سەختی چەکداری ئەگەر زیاتر نەبێ کەمتر نییە.
ئەمساڵ کوردستانیان لە نیشتمانی خۆیان و لە سەرتاسەری جیهان بە شایی و هەڵپەرکێ کورەی خەباتیان وا جۆشدایەوە هەرگیز بە خەیاڵی دوژمناندا نەهاتبێ. ئەمساڵ زۆر جیاواز بوو، بە بۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێی کوردی کوردستانیان بە جلک و بەرگی نەتەوەیی و شایی کوردەواری شۆڕشێکی نوێیان هەڵگیرساند، واتا شۆڕشی نەورۆز و شایی.
ئەو یادە و ئەو شۆڕشە نوێیە لە هەموو کوردستانیان پیرۆز بێ.