شارپرێس:
وه‌زیرى په‌روه‌رده ورده‌كاریی بڕیارێكى به‌په‌له‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئامادەکاری ده‌كه‌ین لیستی موچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بەگرێبەستبونی (کۆی وانەبێژان) لەڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت".
ئالان حه‌مەسه‌عید ساڵح وەزیری پەروەردەى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت:"لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پاش جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەزارەتی پەروەردە ئامادەکاریی دەکات کە لیستی موچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بەگرێبەستبونی (کۆی وانەبێژان) لەڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت".
ده‌شڵێت:"داوای تەرخانكردنى دارایی لەحکومەتی عێراقی فیدراڵ ده‌كه‌ین کە هەموو مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان وەک گرێبەستی هەمیشەیی‌و لەگەڵ هەموو موچەخۆراندا شایستەی موچەیان وەربگرن، داواش لەهەمولایەکیش دەکەین پاڵپشتی ئەم هەنگاوەی حکومەت بن‌و لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێبکات".
ئه‌وه‌ش هاتوه، "لەڕۆژی سێشەممە 16ى 4ى 2024 وەزارەتی پەروەردە لیستی کۆی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەی لەڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمه‌وه، ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت".
لەساڵی 2019دا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ 16 هەزار مامۆستا بوە، بەڵام لەماوەی چوارساڵدا ژمارەکە بۆ 35 هەزارو 543 مامۆستا بەرزبوەتەوە.