تورکیا ئامادەکاریی بۆ هێرشە گەورەکە کردووە و گەریلا هۆشداریی توند دەدات

کوردستان

14/04/2024‌ 1931 جار خوێندراوه‌ته‌وه


هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایدەگەیەنێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت فشار لە تورکیا بکات بۆ ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەلکێشی شەڕی پەکەکە بکات".

جەمیل بایك هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان لە نوسینێکدا ڕایگەیاندووە، "پەکەکە هێچ کاتێک زەرەری لە بەرژەوەندییەکانی عێراق نەداوە. بەردەوام سیاسەتی دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی بە بنەما وەرگرتووە. بەڵام،  وا دیار دەبێت کە هەندێک لە چاوپێکەوتنەکانی دەوڵەتی جینوسایدکاری تورکیا لە گەڵ دەوڵەتی عێراق راستەوخۆ پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە. بە تایبەت، ئەگەر ئەو بڕیارەی کە وابانگەشە دەکرێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەبارت بە پەکەکە گرتوویەتی ڕاست بێت، ئەوا ئەو بڕیارە چەندە زەرەر لە پەکەکە دەدات، ئەوەندەش زەرەر لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراق دەدات".

دەشڵێت "هەموو گەلی کورد ئێدی ئەو ڕاستییە دەزانن کە پارتی، وەک هاوبەشێکی دەوڵەتی داگیرکەر و جینوسایدکاری تورکیا، ڕێگایەکی زۆر خراپ و نەگریسی گرتۆتە بەر. پێویستە پەدەکە هەرچی زووترە لەم ڕێگایە بگەڕێتەوە و  پاشگەز ببێتەوە. پێویستە پەدەکە بە شێوازێکی گێرەشێوانە بیرۆکراسی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ دژایەتی پەکەکە بەکار نەهێنێت و هەوڵ بۆ ئەوە نەدات کە لەسەر ناوی عێراق بڕیار لە دژی پەکەکە وەربگیردرێت. بەڵام  پەدەکە وەها هەڵسوکەوت دەکات وەک بڵێی لەم بوارەدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی گرتبێتە ئەستۆ".

بەوتەی جەمیل بایك "پارتی هێشتاش بەشێوەیەکی زۆر بەدشووم و نەگریسانە بیرۆکە و پێشنیار پێشکەشی دەوڵەتی تورکیا دەکات کە ئەم دۆڵەتە چۆن بتوانێت داواکارییەکانی بە سەر دەوڵەتی عێراقدا بسەپێنێت و وای لێ بکات کە لە دژی پەکەکە هەڵوێست وەربگرێت و شەڕ بکات".

لەنوسینەکەیدا باسی لەوەشکردووە "پارتی هەروەها ئەو ڕاوێژ و بیرۆکەیە دەدات بە دەوڵەتی تورکیا کە ئەگەر یەکێتی بەشدار نەبێت، شەڕ لە دژی پەکەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت و بەم شێوەیە دەوڵەتی تورکیا هاندەدات لە زەخت و گوشار بخاتە سەر یەکێتی". 

بەپەلە