کاردانەوە بەدژی پڕۆژەکەی قەدپاڵی گۆیژە!

مەلەفی تایبەت

28/05/2024‌ 1204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

رێبین فەتاح
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەڵمەتێکی بەرفرەوانی ناڕەزایەتی لەڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەدژی بڕینی شاخی گۆیژە و بونیادنانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە قەدپاڵی شاخەکەدا، دەستی پێکردووە.
ئەوانەی نیگەرانی دەردەبڕن، ئارگیۆمێنتی خۆیان لەسەر چەند بنەمایەک داڕشتووە، لێرە هەڵوەستە لە سیانیان دەکەم:
لێکەوتی ژینگەیی
ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژینگەیی، شارەزایان و ژینگەپارێزان پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، بڕین و دەستکاریکردنی شاخی گۆیژە، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگەی شاری سلێمانی بەگشتی دروست دەکات. ئەوان لەڕوانگەیەکی ژینگەپارێزانەوە، ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و هەندێکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن، دەستکاریکردنی گۆیژە، ئەوەندە کاریگەری لەسەر شاری سلێمانی دروست دەکات، کە توانای چارەسەرکردنی شوێنەوارە نەرێنییەکانی نەبێت.
ژینگەپارێزان ڕەنگە یەکەمین گرووپی ناڕەزایەتی بوون لە بەرانبەر دەستکاریکردنی گۆیژە. هاندەریی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستاندا، بەجۆرێک کە توانای کۆکردنەوەی خەڵک و بوون بە هێزێکی بەرفرەوانی ناڕەزایەتی هەبێت، نیشاندەرێکی گرنگە لە هەڵکشانی هۆشیاری ئینسانی کورد لە تێڕوانین بۆ پرسە هاوچەرخ و بنچینەییەکان، لەناویاندا پرسی ژینگە.
لەشارخستنی سلێمانی
ئارگۆمێنتی دووەم کە لەلایەن گرووپێک لە بژاردە و خەڵکی ئاساییەوە، پێشخراوە، دەستکاریکردنی گۆیژە، وەک کردەی لەشارخستنی سلێمانی لێکدەداتەوە. ئەوان دیوە هێماییەکەی گۆیژە زەق دەکەنەوە و بەو جۆرەیش پڕۆسەی لەشارخستنەکە، لەڕێگەی پووکاندنەوە و پێشێلکردنی سمبولەکانی شار، هەروەها لەڕێگەی سڕینەوەی یادەوەرییەوە پێناسە دەکەن. ئاخر گۆیژە، لە کۆیادەوەری ئینسانەکانی سلێمانی و کورددا، هەر خۆی هێمایەکی گەورەیە بۆ شارەکە و لەوێشەوە بۆ نیشتمانێک بەناوی کوردستانەوە. گۆیژە بە بارستایی خۆی، یادگاری و بیرەوەری هەڵگرتووە. هەر ئەو دیوە هێماییەی گۆیژە، بەچڕیی لە هەناوی ئەدەبیاتی زارەکی تا نووسراوی کورددا جێی گرتووە.
لەو ئارگیۆمێنتەدا، نە گۆیژە بریتییە لە تەپۆڵگەیەکی قوڕیین، نە شار بریتییە لە ڕیزێک باڵەخانەی بەرز و بلووری؛ بەڵکوو ئەو هێما و یادەوەرییانەی، نەک هەر وەک هێزێکی کۆکەرەوە، بگرە وەک بونیادنەری شوناس و ئینتیما، هەتا بۆ خاک و نیشتمان ڕۆڵ دەبینن.
بەو جۆرە، دەستکاریکردنی گۆیژە، لە کردەی لەشارخستنی سلێمانییەوە بۆ کردەیەکی لەناوبەری نەتەوە، لەڕێگەی سفرکردنەوەی یادەوەرییەکانییەوە، پێناسە دەکرێت.
کردەی نایاسایی
ئارگیۆمێنتی سێیەم، لەلایەن بژاردەیەکەوە، لەناویاندا شارەزایانی یاسایی و کشتوکاڵی بونیادنراوە. ئەو گرووپە، سەرنجیان لەسەر گۆڕینی ڕەگەزی زەویی گۆیژەیە، لە زەوی بەردەڵانەوە-کە هەردەم موڵکی گشتییە- بۆ نیشتەجێبوون. ئاسایی، ڕێکارەکانی گۆڕینی ڕەگەزی زەوی، ئەوەندەیش سادە و سەرپێیی نییە و بە کۆمەڵێک فلتەری جیاجیادا دەڕوات و پێویستی بە هۆکاری بابەتی و لۆژیکی هەیە، لە سەرووی هەموویانەوە بەرژەوەندی گشتی!
لەو بابەتەدا، گواستنەوەیەک لە موڵکی گشتییەوە بۆ تایبەت هەیە و لەوێشەوە، دەستکاریکردنی گۆیژە، وەک کردەیەکی تاڵانکاریی پێناسە دەکرێتەوە. پێناسەکردنی پڕۆژەکە وەک تاڵانکاری، پاشخانێکی دوور و قووڵی هەیە؛ یەکێک لە شێوازە زەق و ناسراوەکانی گەندەڵیی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لە سێ دەیەی پێشوودا، بریتی بووە لە داگیرکردنی زەوی گشتی و بەتایبەتکردنی و گواستنەوەی خاوەندارێتییەکەی لە خەڵکەوە بۆ کۆمپانیا یان ئەو کەسانەی وەک سەرکاری بنەماڵە حوکمڕانەکان کاردەکەن.
تێبینی؛
پڕۆژەکەی قەدپاڵی گۆیژە، بەرگریکاریشی هەن، بەگشتی لە سوودمەندانی هێزی پشت پڕۆژەی گۆیژەبڕەکە و یان لە مووچەخۆر و کارمەندانی هەردوو خاوەنی دیار و شاراوەی پڕۆژەکە پێکدێن.
ئاسایی، هەندێک دەنگی لابەلایش لێرەولەوێ، خەریکی مەلەکردنن بە پێچەوانەوەی شەپۆلەکە، ڕەنگە بۆ خۆدەرخستن و دروستکردنی وێنەیەکی ناباو لەخۆیان، بەو ئامانجەی پیشانی بدەن خاوەن حیکمەت و مەعریفە و ئاگاییەکی گەورەترن لەو شەپۆلە جەماوەرییەی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت. دیسان کەسانی دیکەیش هەن، ڕەنگە بە قەناعەتەوە بەرگری لە بڕینی گۆیژە و هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ پڕۆژەکە بکەن و پێیان وابێت، لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە، سلێمانی لە کۆنەشارێکی پەڕپووتەوە دەبێت بە تازەشارێک، لاس ڤیگاس بە قوولەپێی نەگات.
لە دەرفەتێکدا هەوڵدەدەم هەڵوەستەیەک لەسەر ئەو پاساوانەیش بکەم کە بەرگری پێ لە پڕۆژەکە دەکرێت.
هەر چۆنێک بێت، دروستبوونی گفتوگۆیەکی گشتی لەسەر ئەو پرس و بابەتانەی لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێن، بەتەواوەتی گرنگە.