شارپرێس:
ئاژانسی مۆنتیکارلۆی فەڕەنسیی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە بەگوێرهى هەموو پێودانگو ئاماژەکانی ناوەندەکانی توێژینەوە، دەبوو ئابوریی ڕوسیا لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیاو سەپاندنی سزاکانی ڕۆژئاوا، ڕوبەڕوی هەرەسهێنان ببێتەوە، بەڵام بەپێچەوانە ئابوریی ڕوسیا خۆی ڕاگرتوەو گەشەیکردوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەمریکی، بەتایبەتی ناوەندی توێژینەوەی ڕاند، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد کە ئابوریی ڕوسیا تائێستا بەرگە بگرێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئیستینزافو ماندوبونی شەڕی ئۆکرانیا جگە لەکشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکانو دابڕینی ڕوسیا لەمامەڵە داراییە جیهانییەکانو ئەو ڕاستییەی کە هەناردەکردنی ڕوسیا زیاتر پشت بەنەوتو گاز دەبەستێت، کە ناتوانێت بیفرۆشێت بەڕۆژئاوا، هەموو ئەمانەش دەبوو ببنە هۆی داڕمانی ئابوریی ڕوسیا.
جگە لەوەش وڵاتانی ڕۆژئاواییو سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی بەپارەو کەرەستەی دارایی هاوکاریان بۆ ئۆکرانیا دابینکرد، ئەمەش گریمانەی مسۆگەری شکستی ڕوسیای دەکرد لەڕێگەى ئابورییەکەیەوە، کە لە 4٪ی قەبارەی ئابوریی ئەو وڵاتانەی کە گەمارۆیانداوە تێناپەڕێت.
بەڵام پێدەچێت تائێستا هەموو ئەم چاوەڕوانیانە کورتبینانە بوبنو چەند گۆڕاوێکیان لەبەرچاو نەگرتبێت، دیارترینیان دوو ڕەگەزی هەرە سەرەکیی کە ئەوانیش چین پاشان چین.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت:"چین جگە لەهیندستان تاڕادەیەک ڕێگەیدا هەناردەی ڕوسیا نزیکەی بۆ ئاستی پێش جەنگ بگەڕێتەوەو لەسایەی سعودیەو بڕیارەکەیدا کە خۆبەخشانە بەرهەمهێنانی ملیۆنێک بەرمیلی زیادە لەڕۆژێکدا کەمبکاتەوە، ڕێگەی پێدرا نرخی نەوت بەرزبێتەوە، هەروەک چین ڕۆڵی گەورەی بینی لەقەرەبوکردنەوەی زۆرێک لەو کۆمپانیایانەی کە لەڕوسیا کشاونەتەوە.
بەڵام تا ماوەیەکی كهم پێش ئێستا، ئیدارەی ئەمریکاو زۆرێک لەئابوریناسان وایان زانیبوو کە ئەو قەیرانە ئابورییە ناوخۆییانەی کە چین لەماوەی چوارساڵی ڕابردودا پێیدا تێپەڕیوە، لەکۆڤیدەوە بۆ کەرتی بیناسازییو داڕمانی بازاڕی بۆرسە، جگە لەفشاری دەرەکیی، سەپاندنی سزاکان ، بەرزکردنەوەی باجی گومرگیو هاوپەیمانییە ئەمنییەکان، دەبێتە هۆی لاوازبونی ئابوریی چینو بەمشێوەیە ناچاریی دەکات پشتگیریی لەڕِوسیا نەکات، لانیکەم کەمتر لەوەی ئێستا هەیە.
هەربۆیە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەسەرەتای ئەمساڵدا پێشبینی ئەوەیکردبوو، کە گەشەی چین بۆ 4.6% دابەزێتو دابەزینی خێرای چینیش بەردەوامدەبێت تا لەماوەی چەند ساڵێکدا دەگاتە 3.3%..
بەڵام لێرەشدا دوو سوپرایز ڕویاندا یەکەمیان ئەوەیە کە سەرەڕای دابەزینی گەشەی چین لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا، زیادبونی بەرچاوی بێکاری گەنجانو کەمبونەوەی هەناردەکردن، ئەنجامەکەی لەنێوان هەردوو وڵاتی چینو ڕوسیا بوە هۆی چەسپاندنی پەیوەندییەکانو زیادبونی قەبارەی بازرگانیی نێوانیان، بەوپێیەی لەسەر بنەمای دراوە ناوخۆییەکان دامەزراوە.
لەلایەکی تریشەوە پێدەچێت شرۆڤەکارانی ڕۆژئاوا دەستیانکردبێت بەچاوخشاندنەوە بەحیساباتە ئابورییەکانی چینو چاوەڕوانییەکانیان بۆ گەشەسەندن لەئەنجامی سیاسەتی ئابوریی ئەو وڵاتە بەرزکردەوە.
لەکۆتاییدا، تا سەرەتای ساڵ، بەپێچەوانەی ڕەشبینی بەرامبەر ئابوریی ڕوسیاو چین، شیکاری گەشبینانەتر بەرامبەر بەئابوری ئەوروپا هەبوە، بەڵام پێدەچێت تائێستا پێچەوانەکەی ڕوبدات.