ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار کاتییە و بەمزووانە دادەبەزێتەوە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەمیدیاکانی وتووە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار کاتییە، هاوکات دەشڵێت، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بەهای دۆلار دادەبەزێتەوە.
کازمی باسی لەوەشکردووە، ئەو بەرزبوونەوەی ئێستا هەیە بەراورد بەوانەی ڕابردوو قورس نییە، ئەوەش بەهۆی زۆری خواستەوەیە لەسەر دۆلار لە عێراقدا.
لە جەژنی قوربانەوە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و کۆتا نرخی دۆلار ئەمڕۆ پێنج شەممە گەیشتە 149 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك.