ته‌یف سامى داواكاریه‌كى به‌په‌له‌ى له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌

کوردستان

10/07/2024‌ 9715 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ته‌یف سامى وه‌زیرى دارایی حكومه‌تى عێراق له‌ڕێگه‌ى نوسراوێكه‌وه‌ داواكاریه‌كى به‌په‌له‌ى له‌هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ڕونکردنەوە لەبارەى ڕادەستکردنى زیاتر لە 85 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى، ده‌شڵێت، بەگوێرەى خشتەى داهات کە بەدەستیگەیشتوە، داهاتى نانەوتى چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1.6 ترلیۆن دینار بوە.

 
ئەو داوایەى تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق له‌ڕێگه‌ى نوسراوێكه‌وه‌ کە چوارى ئه‌م مانگه‌ ئاراستەى وه‌زاره‌تى دارایی حکومەتى هەرێمى کردوە ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، 85 ملیارو 199 ملیۆن‌و 634 هەزار دینار خراوەتەسەر هەژمارى بانکى ژمارە (70018) لەبانکى ناوەندیی، بۆئه‌وه‌ش ته‌یف سامى نوسیویه‌تى:"داواده‌كه‌م حکومەتی هەرێم پێم بڵێت کە ئەو پارەیە داهاتى کام مانگە كه‌ ڕه‌وانه‌ كراوه‌".
 
هه‌ر له‌و نوسراوەدا ته‌یف سامى ده‌ڵێت:"داهاتى نانەوتى تاوەکو نیسانى 2024 بەگوێرەى خشتەى داهاتەکان کە بۆ وەزارەتى دارایی عێراق نێردراوە، یه‌ك ترلیۆن‌و 646 ملیارو 444 ملیۆن‌و 905 هەزارو 586 دینار بوە، ئەو داهاتەشى ماوە، ڕادەستبکرێت، ئەوەش بەگوێرەى ئەو ڕێوشوێنەى لەساڵى 2023وە بۆ ساڵانى دواتریش کارى پێدەکرێت".
 
بەگوێرەی یاساى بودجەى گشتى عێراق، بۆ ناردنى پشکى هەرێم، دەبێت 50%ى داهاتى خاڵە سنورییەکان‌و داهاتى نانەوتى ڕادەستبکرێت، بۆ ئه‌وه‌ش تەیف سامی جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "دەتانخەمە بەردەم بەرپرسیارێتى لەبەردەم دەسەڵاتى یاسادانان، ئەگەر ئەو داهاتە ڕادەستنەکەن".
 
پێشتر هەولێرو بەغدا ڕێککەوتنى بەراییان کردوە بۆ ئەوەى 50%ى داهاتى نانەوتى بەنەختینەیی بخەنەسەر هەژمارێکى  وەزارەتى دارایی تایبەت بەو داهاتە.
 
یه‌كی تەمموزى 2024 وەزارەتى دارایی‌و ئابوریى هەرێم رایگەیاند، 70 ملیارو 131 ملیۆن‌و 250 هەزار دیناری لەداهاتى نانەوتى مانگى ئاداری خستوەتەسەر هەژمارى بانکى وەزارەتى دارایی فیدراڵ.