شارپرێس:
لەکاتێکدا هەڕەشەکان لەنێوان ئیسرائیلو حزبوڵڵا لەدوای هێرشی "مەجدەل شەمس" لەناوچەی جۆلانی ژێردەستی ئیسرائیل پەرەدەسەنن، بەڵام پرسیار لەبارەی توانای سوپای ئیسرائیل بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لەناوچەکەدا دروستدەبێت، بەتایبەت دوای ئەو "ماندوبونەی" لەزیاتر لەنۆ مانگ لەشەڕکردن دژی حەماس لەکەرتی غەززە توشی بوە.
شرۆڤەکارانو چاودێرانی سەربازیی پێیانوایە کە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی حزبوڵڵا "لەیەک کاتدا کاریگەرو سنوردار دەبێت"و لەوانەیە هێرشکردنەسەر ژێرخانی یان بەئامانجگرتنی کۆگاکانی چەکو سەرکردە باڵاکانی ئەو هێزە لەخۆ بگرێت.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت لەزاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردوهتەوە، وەڵامدانەوەکە "سنوردار دەبێت، بەڵام مانادار دەبێت".
لەناو ئیسرائیل ترس هەیە لەوەی سەربازەکانیان ماندوبونو دوای شەڕە بەردەوامەکانی دژی حەماس هێزو وزەیان لێبڕاوە، هەروەها ئیسرائیل لەلوبنان ڕوبەڕوی نەیارێکی گەورەترو چەکدارترو پیشەیی تر دەبێتەوە، ئەمەش دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.
بەرپرسانی ئیسرائیل دوپاتیانکردوهتەوە کە نایانەوێت ناوچەکە بکێشنە ناو شەڕێکی سەرتاسەرییەوە، بەڵام خۆیان بۆ ئەگەری تەقینەوەی شەڕ بۆ چەند ڕۆژێک ئامادەدەکەن.
ئیدارەی ئەمریکا هۆشداریدایە ئیسرائیل لەبەئامانجگرتنی بەیروتی پایتەختی لوبنانو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وەڵامدانەوەکە سنوردار دەبێت.
لەوبارەیەشەوە، فەریق مەحمود محێدین شارەزای سەربازیی لوبنانی پێیوایە، ئیسرائیل ناتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی گشتگیر لەباشوری لوبنان دەستپێبکات، تاوەکو دۆخی غەززە چارەسەرنەکات، بۆ ئەمەش مەزەندەی ئۆپەراسیۆنێکی سنوردار یان هێرشی تۆڵەسەندنەوە دەکات بۆ سەر ئامانجە دیاریکراوەکان.
جۆب ستیرن شرۆڤەکاری سیاسیی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوەداوە، سوپای ئیسرائیل پێیباشە خۆی لەکردنی دوو شەڕ لەیەککاتدا بەدوربگرێت، بەڵام خۆی ئامادەدەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی حزبوڵڵا، جەختیشیکردەوە، شەڕەکە توندو زۆر قورس دەبێت.
