بەگوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی حەدەس ناكۆكی لەسەر دیاریكردنی سەرۆكی نوێی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنیە سەریهەڵداوە.
بەگوێرەی راپۆرتی كەناڵەكە، بەشێكی حەماس و سەركردایەتی نێودەوڵەتی ئیخوان موسلیمین لەلەندەن خوازیاربوون بە دانانی خالید مەشعەل وەك سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس بەشێوەیەكی كاتی تا هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام یەحیا سنوار سەركردەی سەربازی حەماس لە غەززە رەتیكردووەتەوە و پێی باش بووە خەلیل حیە ئەو پۆستە وەربگرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی كەناڵی حەدەس سنوار پێی باشە كەسێك ببێتە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران و سوریادا هەبێت.
عادل عەزەب بەرپرسی پێشووی دۆسیەی ئیخوان لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی میسر بۆ كەناڵەكە گوتی: راگەیەندراوی ئیخوان بۆ سەرەخۆشی كوژرانی هەنیە چەند خاڵێكی لێ دەخوێندرێتەوە، یەكەمیان داواكردنە كە حەماس بگەڕێتەوە باوەشی رێكخراوی نێودەوڵەتی ئیخوان لەبری چوونە باوەشی ئێران، دووەم ناڕاستەوخۆ ئێران بە كەمتەرخەم دەزانێت لە پارێزگاری لە هەنیە.
خالید مەشعەل ئێستا لە دۆحە نیشتەجێیە و ساڵی 1997 لە هەوڵێكی كوشتن لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئوردن رزگاری بووە و پێش هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس بووە.
ئیخوان موسلیمین حیلمی جەزائیری یەكێك لە سەركردەكانی بۆ بەشداریكردن لە پرسەی هەنیە و قسەكردن لەگەڵ مەشعەل رەوانەی دۆحە كردووە.
حەماس لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت گفتوگۆ دەكەن بۆ دانانی جێگرەوەی هەنیە لە دۆحە.
رەخنەگرانی حەماس باس لەوە دەكەن هەرچەندە رێكخراوەکە بەئیخوانی هەژماردەکرێت وەک ڕێکخراوێکی سوننی، بەڵام ئێستا چووەتە میحوەری خۆڕاگری و بەرهەڵستكاری ئێرانەوە و هەڵگیرسانی شەڕی غەززەش هەر لەم چوارچێوەیەدا بووە.
بەشێك لە چاودێران پێیانوایە كە حەماس سود لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران وەردەگرێت بەهۆی پشتگوێخرانی لەلایەن دەوڵەتانی عەرەبییەوە، بەپێچەوانەوە بەشێكی دیكە دەڵێن ئێران حەماسی بۆ پلانەكانی خۆی بەكارهێناوەو سوودی لێوەرگرتووە، نەك دڵسۆزی بۆ دۆسیەی فەلەستین بەمهۆشەوە زیان لە دۆسیەكە دراوە.