شارپرێس:
گرژییەکانی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلو یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئهو وڵاته بەهۆی ناکۆکی قوڵیان لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ململانێکان لەگەڵ حەماس لەکەرتی غەززە پەرەیسەندوە، بەوهۆیەشەوە هەردولا هێرشی توند دەکەنەسەر یەکتر.
بەگوێرەی بابەتێکی ئاژانسی مۆنتکارلۆی فەرەنسی کە پشتی بەمیدیا عیبرییەکان بەستوە، گالانت بەتوندی ڕەخنەی لەلێدوانەکانی نەتانیاهۆ گرتوە سەبارەت بەبەدەستهێنانی "سەرکەوتنی ڕەها" بەسەر حەماسو بەشێوەیەك لەدانیشتنێکی داخراودا لەگەڵ لیژنەی کاروباری دەرەوەو ئاسایشی پەرلەمان ئەو قسانەی بەبێمانا وەسفکردوەو تیایدا پرسیاری لەسودو کاریگەریی ئەم دروشمە کردوە لەڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان.
ئاژانسەکە باسی لەوەکردوە، ئەم ڕەخنەیە لەکاتێکی هەستیاردا دێت کە ئیسرائیل خۆی بۆ هەڕەشە گریمانکراوەکانی ئێرانو حزبوڵڵا ئامادە دەکات، بەتایبەتی دوای تیرۆرکردنی سەرکردە دیارەکانی حەماسو حزبوڵڵا لەتارانو بەیروت.
گالانت لەمانگی تشرینی یەکەمەوە دژایەتیی داواکاری نەتانیاهۆی بۆ لێدانی پێشوەختە لەدژی حزبوڵڵا کردبوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دوبەرەکیی ناوخۆیی ئیسرائیلییەکان بوو لەسەر ستراتیژییە ئەمنییەکان.
ئەوەش هاتوە، گالانت حکومەتەکەی نەتانیاهۆی تۆمەتبارکردوە بەوەی، بەئەنقەست ڕێگریی لەڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانیان لەگەڵ حەماسدا کردوەو ڕایگەیاندوە، ئیسرائیل ئۆباڵی گەورەی بەرپرسیارێتیی تەواونەبونی ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەئەستۆدایە، ئەمەش گوزارشت لەجیاوازیی هەڵوێستەکانی ناو حکومەت دەکات.
هەر لەهەمان چوارچێوەدا، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، گالانت دەڵێت، "ئێمە لەدووڕیانێکداین، یان ڕێککەوتنێک دەبێتە هۆی ئاگربەست لەباکورو باشور، یان پەرەسەندنێکی گرژییەکان کە دەبێتە هۆی شەڕ، منو دامەزراوە ئەمنییەکان (سوپاو دەزگا هەواڵگرییەکان) پشتگیریی لەبژاردەی یەکەم دەکەین".
لای خۆیەوە نوسینگەی نەتانیاهۆ وەڵامی تۆمەتەکانی وەزیری بەرگریی داوەتەوەو گالانتی تۆمەتبارکردوە بەوەی "لێدوانی دژە ئیسرائیل"ی دەدات، هەروەک هۆشداریدا لەوەی لێدوانەکانی دەتوانێت زیان بەچانسی گەیشتن بەڕێککەوتن لەسەر زیندانییەکان بگەیەنێت.
چاودێران دەڵێن، پەیوەندیی نێوان ناتانیاهۆو گالانت ئاڵۆزە، چونکە پێشتر ناتانیاهۆ لەمانگی ئاداری 2023دا، گالانتی لەپۆستەکەی دورخستبوەوە، بەڵام دواتر بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە، باس لەوەشدەکرێت، ناتانیاهۆ خواستی هەیە جارێکی تر گالانت لەپۆستەکەی دوربخاتەوە.