لە بەندیخانەی سنە بەندكراوێك لە سێدارە درا

کوردستان

15/08/2024‌ 248 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سزای سێدارەی بەندكراوێك بەناوی پەیمان ئەڵڵا وەیسی كە لەم دواییانەدا بەمەبەستی جێبەجێكرانی سزای سێدارەكەی بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابووەوە، جێبەجێ كرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە سزای سێدارەی پەیمان ئەڵڵا وەیسی، بەندكراوی تەمەن ‌ 47 ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ كرا.

بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەو بەندكراوە پێنج ساڵ پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر كرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

پەیمان ئەڵڵا وەیسی، برای عەلی ئەڵڵا وەیسی بەندكراوی سیاسیی پێشووی كوردە كە ڕۆژی ڕابردوو  بە دانانی بارمتەی 500 ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی سنە ئازاد كرا.

عەلی ئەڵڵا وەیسی ڕۆژی ١٤ی تەموزی 2024 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شوێنی كارەكەیدا لە شاری سنە دەستبەسەر كرابوو.