توێژینەوەیەک: لەهەر پێنج کەسێک کە لەکۆمادایە، یەکێکیان دەزانێت چی لەدەوروبەری ڕودەدات

تەندروستی

18/08/2024‌ 286 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژینەوەیەکی نوێی کۆلێژی پزیشکیی ویل کۆرنێل لەنیویۆرک دەریخستوە کە لەهەر پێنج کەسێک کە لەکۆمادان، یەکێکیان لەوانەیە ئاگاداری دەوروبەرەکەیان بن، بەڵام ناتوانن پەیوەندیی بەدەوروبەریانەوە بکەن.


لێکۆڵینەوەکە 353 کەسی تێدابوە کە لەدەستدانێکی زۆری مێشکیان هەبوە، لەماوەی هه‌شت ساڵدا لەشه‌ش ناوەندی پزیشکیی نێودەوڵەتییدا پشکنینی ڕەفتارو وێنەگرتنی مێشکیان بۆ ئەنجامدراوە.

لەتاقیکردنەوەکەدا داوا لەبەشداربوان کراوە بیر لەئەنجامدانی چالاکییەکانی وەک یاریی تێنس، مەلەکردن، یان ڕۆیشتن بکەنەوە بۆ ماوەی 15 بۆ 30 چرکە، داواکارییەکەش حه‌وت جار لەماوەی پێنج خولەکدا دوبارەکرایەوە.

ئەم بیرکردنەوە چالاکییە جیاوازەکانی مێشک بەرهەمدەهێنێت کە دەتوانرێت بەبەکارهێنانی MRI یان EEG دەستنیشان بکرێت.

ئەنجامەکان دەریانخستوە کە 25%ی ئەوکەسانەی هیچ وەڵامێکی دەرەکییان نیشان نەداوە، چالاکیی مێشکیان نیشانداوە کە هاوتایە لەگەڵ کەسانی تەندروست، بۆ ئەوانەی لەکۆمادا بون ڕێژەکە 20% بوە.

توێژەری سەرەکیی نیکۆلاس شیف ئاماژە بەوەدەکات، توانای ئەنجامدانی ئەم ئەرکە دەرونیانە ئاماژەیە بۆ ئەگەرێکی زۆر کە ئەم کەسانە هۆشیاربن.

بەگوێره‌ى خەمڵاندنەکان لەسەرتاسەری جیهاندا لەنێوان 300 بۆ 400 هەزار کەس هەبن کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هۆشیارییان هەیە، واتە تا 100 هەزار کەس لەوانەیە هۆشی شاراوەیان هەبێت.

و: ئاکۆ ئاڵی