شارپرێس:
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرایکردوە، هێرشەکان بۆسەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەهەماهەنگی ڕانەگەیەندراو لەنێوان پاشماوەکانی داعشو میلیشیاکانی سەر بەئێران ئەنجامدەدرێن، بەئامانجی ناسەقامگیرییو دروستکردنی ئاژاوەگێڕیی.
ڕوانگەکە کە چاودێریی دۆخی مەیدانی ناوچەکە دەکات، ڕونیکردوهتەوە، بەشێوەیەکی کرداریی، تێبینی بونی هێرشی هاوکاتی ئەو لایەنانەی کراوه کە هەوڵی ناسەقامگیریی ئاسایشی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدەن لەماوەی یەک هەفتەدا، بەشێوەیەک میلیشیاکانی سەر بەئێران ئەو گوندانەیان کردوهتە ئامانج کە کەوتونەتە سەر کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات لەناو ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، لەکاتێکدا چەکدارانی داعش بەردەوامبون لەئەنجامدانی هێرشەکانیان بەهەماهەنگییەکی ڕانەگەیەندراو.
چاودێرانو شارەزایانی کاروباری سوریا پێیانوایە، لایەنی دیکەش هەن کە هەماهەنگیی لەگەڵ داعشو میلیشیا ئێرانییەکان دەکەن، بەسەرۆکایەتیی تورکیاو میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە، چونکە هێرشەکانیان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنییو کارمەندانی سەربازییو ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی داعشو میلیشیاکانی سەر بەئێرانو هێزەکانی ڕژێمی سوریا.
ڕوانگەکە هەروەک جەختیکردوهتەوە، مۆسکۆو تارانیش لەو پیلانگێڕییانەی کە دژی ئیدارەی خۆسەر داڕێژراون بەشدارن، ئەمەش بەلێدوانەکانی ئەمدواییەی بەرپرسانی ڕوسیا زیاتر دەردەکەوێت.