شارپرێس:
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بەرپرسانی ئەوروپا پێیانوایە، ڕەنگە ئێران بەمزوانە موشەکی بالیستیی بگەیەنێتە ڕوسیا، کە بەگوێرهى ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، ئەمەش وەڵامی خێرای هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیای لێدەکەوێتەوە.
ئاژانسەکانی هەواڵ باسیان لەوەکردوە، هەرچەندە هیچ وردەکارییەکی ڕون سەبارەت بەجۆرو قەبارەی ئەو بارە موشەک یان خشتەی کاتی ڕادەستكردنی ئەو موشەکانە بەڕوسیا نییە، بەڵام بەرپرسێکی ئەوروپی ئاماژەی بەوەکردوە، دەکرێت لەماوەی چەند ڕۆژێکدا بارکردنەکان دەستپێبکەن.
ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەناتۆ چەندینجار هۆشدارییانداوەتە تاران لەم هەنگاوەو بەردەوامن لەهەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لێی، چاودێران دەڵێن، ئەگەر ئەم گواستنەوەیە ئەنجامبدرێت، پێدەچێت سزای زیاتری بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت، هەرچەندە بەلەبەرچاوگرتنی ژمارەیەکی زۆر لەڕێوشوێنی پێشوتری دژی تاران، لەوانەش سزاکانی پەیوەست بەدابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕوسیا، گومان لەکاریگەریی ئەو سزایانە هەیە.
بڕیارە وڵاتانی گروپی حەوت بەئاشکرا ئیدانەی هەر جۆرە گواستنەوەیەک بکەنو لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە فشاربخەنەسەر حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لەکاتێکدا گروپی حەوت پێشتر سزای بەسەر ئێرانو کۆریای باکوردا سەپاندوە بەهۆی دابینکردنی چەک بۆ ڕوسیا.
لای خۆیەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا جەختیكردەوە، ڕوسیاو ئێران ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە "لەداهاتوویەکی زۆر نزیکدا" ئەنجامدەدەن.