ناوەرۆکی کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنیی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێم

کوردستان

08/09/2024‌ 3575 جار خوێندراوه‌ته‌وه



کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنیی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوتاییهات و تێیدا جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

   لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و  فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

 مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی وتی: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکوومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت.

وتیشی، ئەگەر خواست و ویستی چارە هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕونیکردەوە، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکوومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.

ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری عێراق جەختیکرد لەسەر گرنگیی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور . گوتیشی: هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکانە.