گۆڵپارێزی پێشوی مانچستەر یونایتد: گواردیۆلا تۆپی پێی لەناوبرد

وەرزش

26/09/2024‌ 1310 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیم هاواردی گۆڵپارێزی پێشوی یانەی مانچستەر یونایتد ڕەخنەی لەپیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری مانچستەر سیتی گرت‌و تۆمەتباریکرد بەتێکدانی یاریی تۆپی پێ.


گۆڵپارێزە خانەنشینکراوە ئەمریکییەکە پێیوایە، تیپەکانی دیکە هەوڵی کۆپیکردنی سیستەمی گواردیۆلا دەدەن.

هاوارد  کە لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2007 بۆ چەند تیپێک یاریکردوە، لەنێویاندا مانچستەر یونایتدو بەشداریی 121 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریکا کردوە، لە"پۆدکاست" نوێیەکەی جەیمی کاراگەرو گاری نێڤڵ هێرشیکردەسەر تاکتیکەکانی گواردیۆلا.

هاوارد وتویەتی:"پێموایە ئەوەی ڕویدا ئەوەیە کە پیپ گواردیۆلا تۆپی پێی لەزۆر ڕوەوە تێکدا، گواردیۆلا هەمووانی قەناعەت پێکرد کە دەتوانن یاریی تۆپی پێی گشتیی ( total football) بکەن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، هەموو کەسێک ناتوانێت ئەوەبکات، بەڵکو تەنها سێ تیپ لەجیهاندا دەتوانن ئەوە بەباشی بکەن".

لەیەکێک لەڕاپۆرتەکانیدا فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێی جیهانیی (فیفا) ڕونکردنەوەیەکی گشتگیری لەسەر چەمکی “تۆپی پێی گشتیی” خستوەتەڕوو ڕایگەیاندوە، “لەم شێوازەدا نابێت هیچ یاریزانێک لەیاریگادا پابەندبێت بەپێگەی سەرەکیی خۆیەوە، چونکە ڕۆڵەکان لێرەدا بەنەرمیی ڕەها تایبەتمەندن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر یاریزانێک هاندەدرێت چەندینجار ڕۆڵی خۆی بگۆڕێتەوە بۆ دروستکردنی شێوازی یاریکردنی هێرشبەری وێرانکەر، بەڵام ئەمە پێویستی بەئاستی بەرزی زیرەکیی تۆپی پێ‌و توانای تەکنیکیی گەورەو پەیوەندییەکی باشیش هەیە.

و: ئاکۆ ئاڵی