ئاسایشی دێرەزور پلانی سوریاو ئێران بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە ئاشکرادەکات

کوردستان

01/10/2024‌ 473 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەڕێوەبەری گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دێرەزور لەرۆژئاوای کوردستان دەڵێت،  نەک بە تەنها لە لایەن داعشەوە، هاوکات حکومەتی دیمەشق و بەرگری نیشتیمانی سەر بە ئێرانیش هەموو کاتێک لە جموجۆڵدا بوون بۆ لەباربردنی سەقامگیری دێرەزور.

لوئەی ئەل سەتەم بەڕێوەبەری گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دێرەزور لە بارەی پارێزگاریکردن لە سەقامگیری دێرەزورەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " ئەم گرووپانە پێکەوە لە هێرشکردندان. ئەمەش دەبێتە هۆکاری دەرفەت بۆ شانە نوستووەکان کە هێرش  و ئاژاوە بنێنەوە لە هەرێمەکەدا. بە هۆی هێرشەکان لایەکەی دیکەی فوراتەوە، لەهەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق، زیانێکی زۆر بەر گەل کەوتووە".

دەشڵێت، "نزیک بە ساڵێک دەبێت دەستمان بە ئۆپراسیۆنی بەهێزکردنی ئاسایشی و ئارامی لە دێرەزور کردووە. قەسەدە و هێزە فەرمییەکانی دیکەش هاوکاریمان دەکەن. لەم ماوانەی دواییدا هێرشی هاوبەش دەکرێتە سەر ئاسایشی ناوخۆ و قەسەدە، زیانێکی زۆر بەر گەل کەوتووە. زۆرینەی ئەم هێرشانەش لە هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقەوە کراون. ڕوونە ئامانجی هێرشەکان ترساندنی گەلی هەرێمەکە و تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکەیە. بێگومان هەموو هێزێ ئێمەیش بۆ ڕێگریکردنی ئامانجی ئەو هێرشانەیە."