شارپرێس:
هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چەند ناوەندێکی نزیکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لەسلێمانی داخست، میدیاى نزیك لهپهكهكهش دهڵێت:"بەبێئەوەی هیچ بڕیارێکی دادگایان پێبێت، ناوهندهكانیان داخستوه"، ئاسایشى سلێمانیش ڕونكردنهوه دهدات.
میدیای نزیک لەپەکەکە ئاشكرایكردوه، دوێنێ سێشەممە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چەندین ناوەندی کولتووری، ڕێکخراوو میدیاییان داخستوە بەبێئەوەی هیچ بڕیارێکی دادگایان پێبێت.
لهوبارهیهوه سهرچاوهیهك لەبهڕێوهبهرایهتى ئاسایشی سلێمانی ڕونكردنهوهیداوهو وتویهتى، "ئهوهى كراوه لەژێر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بوهو چەند ناوەندو ڕێکخراوێکمان داخست کە وادەی مۆڵەتی کارکردنیان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بوەو دوێنێ مۆڵەتەکەیان تەواوبوە".
دوێنێ ئاسایشى سلێمانى ههریهك لهناوەندەکانی (بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، کۆمپانیای نوگارو مارزیا، کۆمپانیای گزینگ کە بۆ ژن تیڤی کاردەکات) داخراون، شهشى ئابی ساڵی ڕابردوو 2024یش، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەتۆمەتی پەیوەندییان بەپهكهكهوه، هەرسێ پارتی پارتی ئازادیو دیموکراسیی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسیو پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی، هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا بارەگاکانیان دابخرێنو دەستبەسەر داراییاندا بگیرێت.
لهو ڕوهشهوه سەرچاوەكهى ئاسایشی سلێمانی ئاماژهى بهوهداوه، "داخستنی ئەو ناوەندانە پێویستی بەڕێگەپێدانێکی دیکەی دادوەر نەبوە، چونکە ئێمە پێشتر بڕیارەکەمان لەئەنجومەنی دادوەریی عێراق وەرگرتوە، داخستنیشیان تاوەکو ئەوکاتە دەبێت کە مۆڵەتەکەیان لەبەغدا نوێدەکەنەوە".
لاى خۆیشیهوه کۆمپانیای گزینگی بەربەیان کە بەرنامە بۆ ژن تیڤی بەرهەمدەهێنێت ئاشكرایكردوه، "ڕۆژی 31ی کانونی یەکەم، کە ڕۆژی کۆتایی ساڵى 2024 بوو، لەچوارچێوەی بڕیارێکدا کە حکومەتی ناوەندیی عێراق، حکومەتی هەرێمو دەزگای ئاسایشی هەرێم تێیدا بەشدارن، بەبێ بونو پیشاندانی نوسراوێکی فەرمیو ئاگادارکردنەوە، بڕیاری داخستنی کۆمپانیای گزینگی بەربەیانی درا".
کۆمپانیاکە دەڵێت:"سەرەڕای ئەوەی ئەم بڕیارە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دراوە، ئێمە بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانمان ڕەتدەکەینەوەو قبوڵیناکەین، ئەم بڕیارە پێشێلکردنی ئازادیی ڕۆژنامەڤانییە لەهەرێمو نیشانەی بیرکردنەوەیە لەشکاندنی ئیرادەی ژن، ناسنامەو بونی ژن".
ئهمڕۆ چوارشهممهش، بەمەبەستی پشتیوانیی لەکۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە بۆ دەرخستنی ڕەنگو دەنگی ژنان لەباشوری کوردستان کارو چالاکی بەڕێوەدەبات، هەڵمەتێکی هاشتاگ دەستپێدەکات، هەڵمەتهكه لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەدژی داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان دەستپێدەکات.
هەڵمەتە بەهاشتاگی # نا-بۆ-بێدەنگکردنی-دەنگی-ژن، بەمەبەستی پشتیوانی لەخەباتی ئەو کۆمپانیایە، کە بۆ ماوەی حهوت ساڵە لەباشوری کوردستان لەچوارچێوەی دەرخستنی تواناو ڕۆڵی ژنان کارو چالاکی بەڕێوەدەبات.