سۆزدار دێریك له‌دیدارێكى شارپرێسدا: شەڕی ئێمە شه‌ڕى پاراستنی شەرەفی کوردە

کوردستان

20/01/2025‌ 1112 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس- كەنداڵ جودی:

فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و شەڕه‌ى ئێستا ئێمه‌ ده‌یكه‌ین، شه‌ڕى پاراستنی شەرەفی کوردە"، ده‌شڵێت:"شەڕی ئەمڕۆمان بەرگریکردنە لەکەرامەتی کورد لەبەرامبەر داگیرکاریی‌و کۆیلایەتیدا".


سۆزدار دێریك یه‌كێك له‌ژنه‌ فه‌رمانده‌ باڵاكانى هه‌سه‌ده‌ له‌دیدارێكى تایبه‌تى شارپرێسدا ڕایگه‌یاند، "13 ساڵه‌ لاى ئێمه‌ى كورد له‌سوریا به‌شار ئه‌سه‌د ڕوخێندراوه‌ پێویست بوو له‌ناوچه‌كانى تریش به‌وشێوه‌یه‌ بێت، ئێستاش هێرشەکانی سەر پردی قەرەقۆزاخ‌و بەنداوی تشرین كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر ئێمه‌، بۆ لەناوبردنی سیستمی دیموکراسیه‌، بۆیه‌ ئێمە لەپرۆسەیه‌كى سەختی دیاریکردنی چارەنوسی خۆمانداین، چارەنوسێک کە بەخوێن ئاودراوه‌".

ستراتیژی بەنداوی تشرین‌و پردی قەرەقۆزاخ
سۆزدار دێریک سەرنجی بۆ شەڕی بەنداوی تشرین‌و پردی قەرەقۆزاخ ڕاکێشاو ئاماژەی بەوەدا، "ئەو هێرشانەی لەم دوو مانگەدا ئەنجامدراون، هێرشی داگیرکارین، بەتایبەتی لەپردی قەرەقۆزاخ‌و بەنداوی تشرین‌و دێرحافیر".

وتیشى:"ئەو شەڕەی کە لەو دوو مانگەدا ئەنجامدراوە، وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هێرشی داگیرکارییە، چونكه‌ دەوڵەتی تورک شەڕی دژی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگه‌یاند، ئێمەش لەپرۆسەیه‌كى سەختی دیاریکردنی چارەنوسی خۆمانداین، چارەنوسێک کە بەخوێن‌و خەباتی دیموکراتی‌و هێزى یەپەژەو یه‌په‌گه‌ دیاریدەکرێت، بۆیە ستراتیژی بەرەکانی جەنگ هێرشەکانی سەر پردی قەرەقۆزاخ‌و بەنداوی تشرین دەروازەی ڕۆژئاواو باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریان، بۆ لەناوبردنی سیستمی دیموکراسی ئێمەیه‌، ئێمه‌ش هەڵوێستێکی بەهێزمان هەیە بەرامبەر بەم هێرشانە بەپاراستن‌و بەرەنگاربونەوەی، ئێمه‌ خۆمان یه‌كلاكردوه‌ته‌وه‌، به‌پاراستنى بەنداوی تشرین‌و پردی قەرەقۆزاخ، سیستەمی خۆمان دەپارێزین".

"شه‌ڕى ئێمه‌، شەڕی شەرەفە"
دێریک له‌دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ شارپرێس وتى، "ئەو شەڕەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت یەکسان نییە، چونکە شەڕی ئێمە شەڕێکی زۆر جددییە لەدژی دەوڵەتێکی گەورەی ناتۆ، خەباتی ئەمڕۆمان لەبەنداوی تشرین‌و پردی قەرەقۆزاخ زۆر مانادارە، چونكه‌ لەپێناو ڕێگریکردنه‌ له‌ لەلەشکرکێشی‌و لەچونە ناو کۆبانێ‌و ڕەققەو جزیرێ، ئه‌و بەرخۆدانەى ئەمڕۆ دەکرێت واتایه‌كى تایبه‌تى هه‌یه‌، ئێمە بڕیارمانداوە ژیانێكى بڕومه‌ت بۆ گه‌له‌كه‌مان دروستبکەین، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەم دوژمنە (دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی) بێنه‌ ناو خاکەکەمانەوە، لێرەوە گرنگی پردی قەرەقۆزاخ‌و بەنداوی تشرین ده‌رده‌كه‌وێت بۆ ئێمه‌ چییه‌، شەڕی ئەمڕۆمان بۆ بەرگریکردنە لەکەرامەتی ئێمە لەدژی داگیرکاریی‌و کۆیلایەتی".

دێریک كه‌ یه‌كێك له‌فەرماندە باڵاكانى هه‌سه‌ده‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "سوریا پێویستی بەحکومەتێکی شەرعی‌و هەڵبژێردراو هەیە کە دەستوری هەبێت، چۆن سوپایەک کە تەنها لەسەر بنەمای ئیسلام دامەزراوە، ئایینەکانی دیکەش بگرێتەوە؟ هەروەها، ئەوە ڕۆڵی ژنان لەحکومەتی نوێدا چی دەبێت؟ هێشتا پێشوازیى لەژنان ناکەن له‌پرۆسه‌ى حوكمڕانیدا".

"دەشێت هه‌سه‌ده‌ مۆدێلی نوێ بێت بۆ سوریا"
سۆزدار ئه‌وه‌شى وت:"وەک هێزەکانی هه‌سه‌ده‌و یه‌په‌ژه‌، هێزمان هه‌یه‌ بۆ ئەوەی ببینە مۆدێلێک بۆ سوریا، بڕوامان بەبونیادنانی کۆمەڵگه‌ی دیموکراسی‌و ئیکۆلۆژیاو ئازادیی ژنان هەیە".

دێریک كه‌ ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدەیه‌ به‌بیری هێنایەوە کە "تائێستاش ڕوبەڕوی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو چەتەکانی دەبنەوە، ڕۆژانە گەل‌و شەڕڤانانمان بەشێوازی دڕندانە شەهید دەبن‌و دەوڵەتی تورکیاش بەشێوازی تیرۆریستی هێرشدەکات".

"داگیرکاری تورکیا دەبێت لەسەرتاسه‌رى سوریا کۆتایی پێبێت"
سۆزدار دێریک باسی لەوەشکرد، "دەوڵەتی تورکیا بەڕق‌و کینەی عوسمانییەکان‌و تۆڵەکردنەوە لەمێژوی سوریا مامه‌ڵه‌ ده‌كات، بۆیە دەبێت داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر هەموو سوریا هەڵبگیرێت، خەباتی ئێمەش ئەوەیە داگیرکاری تورکیا هەڵبگیرێت بۆ سەر هەموو سوریا".

"دوای هێرشەکان داعش زیندوو بوەتەوە"
دێریک سەرنجی بۆ مانەوەی داعش لەدوای هێرشەکانی تورکیا ڕاکێشاو ئاشكرایكرد، "دوای هێرشەکانی تورکیا بۆسەر بەنداوی تشرین‌و پردی قەرەقۆزاخ، هێرشەکانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردوە، بێگومان داعش لەنێو ئەوکەسانەدایە کە هێرشدەکەن، ئەوان بەئاڵاکانیانەوە هاتنە دەرەوەو دیاربون، هەربۆیە داعش زیندوەو داعش لاوازنەبوە".

ئه‌وه‌شى وت:"بەتایبەت دوای ئەو هێرشانەی کە دژی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا زیادیانکردوە، جگە لەوەش هێرشی تیرۆریستی لەجیهاندا ڕودەدات، ئەمڕۆ داعش تەنها لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا زیندوو نابێتەوە، بەڵکو لەعێراق‌و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جیهانیشدا زیندوو دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو گەلانى جیهان لەدژی ئەم داگیرکارییەی تورکیاو بەهێزکردنی داعش بوەستنه‌وه‌".

لەکۆتایی قسەکانیدا دێریک ڕووی لەخەڵکی باشورو باکوری کوردستان‌و هەموو کوردستان کردو وتی:"سڵاویان لێدەکەم، باوەڕمان وایە کە خەڵک شوێن شەڕڤانان‌و منداڵەکانیان بکەون‌و پاڵپشتی گەلەکەیان دەکەن، هەرکەسێک لەسەر ئەم خاکە بژی، ئەمڕۆ پێویستمان بەپشتیوانییە، خەباتمان تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو گەلانەیە کە لەسەر ئەم خاکە دەژین، کورد، عەرەب، ئەرمەن، چەرکەس‌و تورکمان".