شارپرێس:
سەرۆکی تورکیا لەبارەی بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندەوەو چەکدانان پهیامێكى بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "گرنگترین قۆناغی جێبەجێکردنی پرۆسهى ئاشتى خۆههڵوهشاندنهوهو چهكدانان بوو لهلایهن پهكهكهوه"، داواش لەهەموو گروپەکانی سەر بەپەکەکە دەکات پابەندی بڕیارەکەبن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەکۆنگرەی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) پهیامێكى بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەو دانانی چەک، تورکیا دەباتە قۆناغێکی بێ تیرۆر، هەربۆیە سەردەمی تیرۆر، چەک، توندوتیژییو نایاسایی بەرەو کۆتایی دەچێت".
وتیشى:"جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەلایەن پەکەکەوە گرنگترین هەنگاوە، بۆیە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارو بەڵێنەکەی پەکەکە دەکات".
داواشی لەڕێکخراوەکانی دیکەی سەر بەپارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەڕۆژئاوای کوردستانو سوریا، ئەوروپاو ناوچەکانی دیکە کرد، پابەندی بڕیارەکەی سەرکردایەتی پەکەکەبن.
ئەردۆغان ئهوهشى ڕونكردهوه، "بەچالاکانە بەشداریی لەهەوڵەکانی سەقامگیرکردنی ئاشتی لەتورکیاو ناوچەکە دەکەین، چونکە تورکیا بوەتە ناوەندێکی ئاشتیو دیپلۆماتی لەناوچەکەدا".
لاى خۆیشیهوه موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەمیانی کۆنگرەی 12یەمی پەکەکە ڕایگەیاندبوو، بۆ قۆناغی داهاتوو، قۆناغی چەکدانان بەمشێوەیە بەدیدێت کە گۆڕانکارییەکی یاسایی بێتە ئاراوە.
بهوتهى قەرەیلان، "بۆ ئەوەی پەکەکە خۆی بپارێزێت، بێگومان پێویستە هەنگاو یاسایی لەلایەن دەسەڵاتەوە بنرێت، ئەگەر دەسەڵات باسی ئاشتیی ناوخۆیی دەکات، پێویستە دوژمنایەتی کۆتایی پێبهێنێت".
